سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: خراپ مامەڵەم کردووە

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: خراپ مامەڵەم کردووە
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی پەنەما دانی پێدانا خراپ مامەڵەی کردووە. دانپێدانانی کامیرۆن دوای ئەو گوشارانە هات خەڵکی وڵاتەکەی دروستیان کرد و سەرەنجام کامیرۆنیان ناچارکرد راستییەکە ئاشکرا بکات.

دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانی پەنەما، هەزاران کەس لە دانیشتووانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە شەقامی داونگ ستریت خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا و، داوای دەست لەکار کێشانەوەی کامیرۆنیان کرد، بەهۆی خۆدزینەوە لە باج و هاتنی ناوی لە بەڵگەنامەکاندا. لەبەرامبەردا کامیرۆن بەڵێنیدا بەشێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی پێدانی باج لەلایەن خێزانەکەیەوە بکات.

کامیرۆن تەنیا دوای چوار رۆژ لە بڵاوبوونەوەی ناوی باوکی لە بەڵگەکانی پەنەمادا رایگەیاند، لە کۆمپانیاکەی باوکیدا بەڕێژەی 30% پشکی هەبووە. کامیرۆن پێش هەڵبژاردنیشی بە سەرۆکوەزیران لە ساڵی 2010، ئاشکرایکردبوو پشکی لە بلێرمۆر هەبووە لە پەنەما، بەڵام دوای وەرگرتنی پۆستەکەی پشکەکانی خۆی فرۆشتوون.

تۆم واستۆن، سەرۆکی پارتی کرێکاران کە گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیایە، رەخنەی لە کامیرۆن گرت و رایگەیاند "روونکردنەوەکانی سەرۆکوەزیران جێگەی متمانە نین، ئەوان چاوەڕوانی کاردانەوەی کۆمەڵگەیان کرد، ئەگەر راستگۆ بووان دەبوو یەکەم رۆژ روونکردنەوەیان دابا، نەک روونکردنەوەکەیان وا درەنگ بکەوێت".

جەستن ستیوارت، بەرپرسی کۆمپانیایSIM ی بواری وەبەرهێنان لە بەریتانیا، لەبارەی تێوەگلانی كامیرۆن لەو جۆرە کارانە گوتی " ئەو پەناگانەی خەڵک پارەی خۆیانی تێدا دادەنێن و لە دانی باج دەیشارنەوە، یان لە وڵاتی دیكە دەیشارنەوە، شتێکی نایاساییە، بۆیە دەبێت هەمیشە لێپرسینەوە بکرێت لەسەر بەکارهێنانی ئەو جۆرە رێوشوێنە نایاساییە، کە پارە لە سیستمی باجی وڵاتەکەت بشاریەوە".

رێکخراوی رۆژنامەنووسان و لێکۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی ICIJ، لە چەند رۆژی رابردوودا بەڵگەکانی ماوەی 40 ساڵ لەمەوبەری مۆساک فۆنیسکایان بڵاوکردەوە، ئەو بەڵگانە 11 ملیۆن و 500 هەزار لاپەڕەی ئەلیکترۆنی بوون.









رووداو
Top