دیپلۆماتێکی ئێرانی: رووسیا پەکەکە لە دژی تورکیا بەکار دەهێنێت

 دیپلۆماتێکی ئێرانی: رووسیا پەکەکە لە دژی تورکیا بەکار دەهێنێت
دیپلۆماتێکی ئێرانی رایدەگەیەنێت، کە وڵاتی رووسیا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە دژی تورکیا، بەکاردەهێنێت.



ئەفشار سولەیمانی، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (ئارمان)ی نزیک لە باڵی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی دەستەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران، رایگەیاندووە، رووسیا، شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەکاردەهێنێت بۆ دژایەتیکردنی تورکیا.



ئەفشار سولەیمانی پێیوایە رووسیا پشتگیریی ئەرمینیای کردووە بۆ داگیرکردنی بەشێکی خاکی ئازەربایجان لە ناوچەی (قەرەباغ)، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات.



ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە هەروەها رایگەیاندووە، رووسیا ژمارەیەک ئەرمەنی سوریا و گەریلای پەکەکەی لە ناوچەی قەرەباغی ئازەربایجان نیشتەجێ کردووە، بۆ دژایەتیکردنی تورکیا.



بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیا لەلایەن سوپای تورکیاوە لەسەر سنووری نێوان تورکیا_ سوریا، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەرەو گرژی چووە و ناکۆکییان لەنێوان دروست بووە.



هەفتەی رابردوو، سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباغ رووبەڕووی یەک بوونەوە و ژمارەیەک سەربازی هەردوولا کوژران.










باسنيوز
Top