ڕووسیا: نرخی ٤٥ بۆ ٥٠ دۆلار، هاوسەنگیی بازاڕی نەوت ڕادەگرێت
ئەو سەرچاوەیە كە لێدوانەكەی لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی وزەی ڕووسیاوە پشتڕاست كرایەوە، بە "ڕۆیتەرز"ـی گوتووە، ئێستا گفتوگۆ هەیە لەسەر ئەوەی چۆن بەرهەمهێنان كەم بكرێتەوە و چاودێریی ڕێككەوتنەكە بكرێت. هەروەها نرخی ٤٥ بۆ ٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك گونجاوە و، هۆكارێك دەبێت بۆ هاوسەنگبوونی بازاڕی نەوت.
بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوت، بڕیارە لە 17ـی نیسان، لە "دۆحە" كۆ ببنەوە بۆ بەهێزكردنی ڕێككەوتنی سەرەتایی مانگی شوباتی نێوان ڕووسیا، ڤەنزوێلا، قەتەر و سعوودیا، لە پێناو دابەزانی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی خاو و جڵەوداركردنی زیادەی بەرهەمی نەوت لە بازاڕ.
(ئەلیكساندەر نۆڤاك)، وەزیری وزەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئێرانیش بەشداریی كۆبوونەوەی "دۆحە" دەكات. ئێران كە بە هۆی سزاكانی سەریەوە ماوەیەكی زۆر بەرهەمی نەوتی كەم كرابووەوە، ئێستا دەیەوێ سوود لە سووككردنی سزاكانی سەر وڵاتەكەی وەربگرێت و نەوتی زیاتر ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان بكات.