حەسەن رۆحانی: ئێمە نە هەڕەشەین بۆ کەس و نە نیازی هەڕەشەکردنمان هەیە

حەسەن رۆحانی: ئێمە نە هەڕەشەین بۆ کەس و نە نیازی هەڕەشەکردنمان هەیە
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە دوو سەد ساڵی ڕابردوو وڵاتەکەی هێرشی سەربازی بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ و ناوچەکە ئەنجام نەداوەو هێرشی سەربازیش ناکه‌نه‌ سەر هیچ وڵاتێک.


به‌پێی ئاژانسی نیمچە فەرمی فارس نیوز، رۆحانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لە مه‌راسیمی بەرزڕاگرتنی رۆژی نیشتمانی زانیاری ناوەکی ئاماژەی بەوەکردووە "تاران هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، ئێمە نە هەڕەشەین بۆ کەس و نە نیازی هەڕەشەکردنمان هەیە.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە تەمەنی 37 ساڵەی رژێمی ئیسلامی وڵاتەکەی کرد و وتی: "له 37 ساڵی ڕابردوو کە شۆڕشی ئیسلامی سەرکەوت، ئێمە تەنها بەرپه‌رچی هێرشی دوژمنانی وڵاتمان داوەتەوە و هێرشمان نەکردووەتە سەر کەس".


ئەم وتانەی‌ رۆحانی لە کاتێکدایە وڵاتەکەی ئێستا رۆڵی کاریگەری لە وڵاتانی عیراق و سوریان و لوبنان و یەمەن هەیە و بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بەوە تۆمەتباردەکرێت کە دەست لە کاروباوری ناوخۆیی وڵاتانی تر وەردەدات.


سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئاسایش و ئارامی" بەش بەش ناکرێت و ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە پێکەوەیە.


وتیشی: ئێمە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ بە ئاسایشی خۆمانی دەزانین، چونکە ئەگەر وڵاتانی دراوسێ ئاسایشیان نەبێت سنوورەکانی ئێرانیش ئاسایش و ئارامیان تێکدەچێت".


سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی ئاڕاستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و وتی: "هەموو وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکانمان بزانن ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی ئەوان، هێزی سەربازی ئێران تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرش نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هەر وڵاتێک هەست بکات توانای سەربازی ئێمە هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەی ئەوا بەدڵنیایەوە لە لێکدانەوه‌کانیان تووشی هەڵە بوون".







خەندان
Top