پەرلەمانتارێكی ئێران: بە شانازییەوە (800)دیلی عێراقیم كوشتووە

پەرلەمانتارێكی ئێران: بە شانازییەوە (800)دیلی عێراقیم كوشتووە
ئیئتیلافی موتەحیدونی عیراقی داوایەك لە دادگای نێودەوڵەتی تۆماردەكات لەسەر پەرلەمانتاری ئێرانی نادر قازی پوور، دوای ئەوەی دانینا بە كوشتنی 800 دیلی سوپای عێراقیدا، لەشەڕی نێوان هەردو وڵاتدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو.

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانی ئیئتیلافی موتەحیدون كە لیستێكی سونە مەزهەبەو ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات و دوێنێ سێ شەممە بڵاویانكردەوە "نادر قازی پوور ئەو كۆمەڵكوژیانەی ئەنجامداوە لە میانەی پرۆسەی سەربازی (مسلم بن عقیل) لە ژێر دروشمی (بۆ خزمەتی ئیسلام)".

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران لە میانەی بانگەشەكانیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران لە 26ی مانگی رابردوو خۆی ئەو زانیاریانەی دركاندبوو كە لەهەڵبژاردنەكەدا ئەمجارەش سەركەوتنی بەدەستهێنایەوە.

بەپێی ماڵپەڕی ئیلاف، نادر قازی پوور لە میانەی بانگەشەكەدا وتویەتی "من فەرماندەی گروپێكی 12 كەسی بووم، لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق 700 -800 دیلی عێراقییان رادەستكردین، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ هۆكارێكی گواستنەوەمان لانەبوو، هەموو دیلەكانمان كوشت لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئیسلام و شۆرشی ئیسلامیی و رابەری مەزنمان ئیمام خومەینی".

شەڕی عێراق و ئێران بە یەكێك لە شەڕە خویناویی‌و درێژخایەنەكانی ناوچەكە هەژماردەكرێت، لە ساڵی 1980 دەستیپێكردو ماوەی هەشت ساڵی خایاند، لەو كاتەشەوە تائێستا ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی هەردوولا بێسەروشوێنن‌و هێشتا چارەنوسیان دیارینیە.









خەندان
Top