فڕۆكەیەكی ئەمریكا ئەبو عومەر چیچانی دەكاتە ئامانج

 فڕۆكەیەكی ئەمریكا ئەبو عومەر چیچانی دەكاتە ئامانج
فڕۆكەیەكی ئەمریكا ئەبو عومەر چیچانی دەكاتە ئامانج و مووشەكێكی ئاراستە دەكات، تاوەكو ئێستاش نازانرێت كوژراوە یان بە سەلامەتی دەرچووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پنتاگۆن" پشتڕاستیكردەوە، كە شەوی رابردوو فڕۆكەیەكیان لە نزیك شارۆچكەی شەدادییەی سووریا كە لەم ماوەیە هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵیان كرد، مووشەكێكیان ئاراستەی ئەبو عومەر چیچانی، وەزیری بەرگریی داعش كردووە، تاوەكو ئێستاش نازانرێت كوژراوە یان نا.

ساڵی 2014 كاتێك دەنگۆی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش بڵاوبووەوە، یەكێك لەو كەسانەی بە شایستە دادەنرا شوێنی بگرێتەوە، ئەبو عومەر چیچانی بوو. ئەمە لەكاتێكدایە چەندینجار دەنگۆی كوژرانی خۆیشی بڵاوكراوەتەوە.

عومەر چیچانی یەکێکە لەو سەدان چیچانييانەی چوونەتە ریزی چەکدارە تووندئاژۆكان لە سووریا و عێراق، بەڵام ناوبراو وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی داعش دەردەكەوێت و ئێستا رۆڵی وەزیری جەنگی پێدراوە. عومەر چیچانی ناوی راستەقینەی ترخان باترشفیلی-یە و لە ساڵی 1968 لە شاری بانکیسی فالی لە جۆرجیا لەدایکبووە.

چیچانی لە ساڵی 2006 ەوە تا 2010 لەنێو ریزەکانی سوپای جۆرجیا سەرباز بووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكان بڵاوكراونەتەوە، بەهۆی نەخۆشی سیلەوە لە سوپا بەخشراوە. هەمان ساڵ واتە 2010، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بەتۆمەتی ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتی هەڵگرتووە، دەستگیركراوە و، دوای ماوەیەك ئازادكراوە.








روداو
Top