فەرەنسا و سعودیە داوای چارەسەرێکی "راستگۆیانە" بۆ سووریا دەکەن

 فەرەنسا و سعودیە داوای چارەسەرێکی
فەرەنسا و سعودیە سەبارەت بە قۆناخی دوای رێککەوتنی ئاگربەستی سووریا داوای چارەسەرێکی "گونجاو و راستگۆیانە" بۆ قەیرانەکانی سووریا لەڕێگەی پرۆسەی سیاسییەوە دەکەن، ئەوەش بە تاکە رێگا دەبینین بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای بەشدار لە گفتوگۆكانی هەردوو شاندی باڵای فەرەنسا و سعودیە بە سەرۆکایەتی فرانسۆ ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا و محەممەد بن نایف شازادەی جێنشینی سعودیە، شاندی ریاز و پاریس لە کۆبوونەوەكانیان جەختیان لە پشتیوانییەکانی وڵاتەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە سووریا کردەوە و داوای چارەسەرێکی "گونجاو و راستگۆیانە"یان بۆ قەیرانەکانی سووریایانکرد، كە بەگوتەی ئەوان تاكە رێگە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە درێژماوە، چارەسەری سیاسییە.

هەردوو شاندی باڵای فەرەنسا و سعودیە لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی چەندین پرسی دیکەی ناوچەکەیانکرد و "پشتیوانی وڵاتەکەشیان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا کردەوە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆبوونەوەکەی پاریس و ریازدا باس لەڕێگەکانی بنەبڕکردنی رەگ و ریشەی ئایدۆلۆژیای تیرۆر، رەگەزپەرستی، تایفەگەری لە ناوچەکەدا كراوە و جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، کە هەموو هەوڵێکیان دەدەن کە سەرچاوە داراییەکانی گرووپە توندئاژۆکان وشکبکەن و نەیهێڵن.
Top