نەتەوە یەکگرتووەکان: یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە غوتەی دیمەشق

 نەتەوە یەکگرتووەکان: یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە غوتەی دیمەشق
جێگری گوتەبێژی فەرمیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە هاووڵاتییانی سوریا لە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات.



”فەرحان حەق“، جێگری گوتەبێژی فەرمیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە هاوکارییەکان پێکهاتوون لە خواردەمەنی و پێویستییەکانی پاکوخاوێنیی و رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئاداری 2016 دەگاتە ناوچەکە.



فەرحان حەق ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێکخراوە خێرخوازییەکان بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکان دەگەیەننە نزیکەی 20 هەزار کەس لە ناوچەی کەفەر بەتنەی غوتەی رۆژهەڵات لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا.



هەروەک جێگری گوتەبێژی فەرمیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، رژێمی سوریا رێگا نادات کەلوپەلی نەشتەرگەری بگەیەندرێتە هاووڵاتییە گەمارۆدراوەکان و پشتریش لەسەر ئەمە ”رێککەوتن کراوە“ و لێی پاشگەز بوونەتەوە.



فەرحان حەق باسی لەوەشکردووە، کە رۆژی شەممەی داهاتووش ژمارەیەکبارهەڵگری پڕ لە هاوکاریی مرۆیی دەگاتە مەزایا، زەبەدانی، فەوعە و کەفەریا.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی سوریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئەو وڵاتە دروستبووە، کە وێڕای کوژرانی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی پێنج ملیۆن هاووڵاتیی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ و رۆژئاوای ئەوروپا بوون.






باسنیوز
Top