سعودیە و توركیا داوای لە ئێران دەكەن لە هەڵوێستە تائیفییەکانی لە دژی وڵاتانی ناوچەکە پاشگەزبێتەوە

 سعودیە و توركیا  داوای لە ئێران دەكەن لە هەڵوێستە تائیفییەکانی لە دژی وڵاتانی ناوچەکە پاشگەزبێتەوە
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاندووە، کە وەزیری دەرەوەی تورکیا دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ ”دوژمنکارییەکانی“ ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووپاتکردووەتەوە.



رۆژی یەکشەممە ”ئەحمەد داودئۆغڵو“، سەرۆک وەزیرانی تورکیا و وەزیری دەرەوە و شاندێکی تورکیا لەگەڵ ”شا سەلمان بن عەبدولعەزیز“، شای سعودیە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سعودیە کۆبوونەتەوە و تاوتوێی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و پرسە هەرێمی و ناوچەییەکانیان کردووە.



”عادل ئەلجوبەیر“، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ”مەولود چاوشئۆغڵو“، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە دامەزراندنی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ستراتیژی لە نێوان وڵاتەکانیاندا کردووە و چاوشئۆغڵو جەختی لەسەر مافی سعودیە بۆ بەرگری لەخۆکردن کردووەتەوە.



مەولود چاوشئۆغڵو داوای لە ئێران کردووە لە هەڵوێستە تائیفییەکانی لە دژی وڵاتانی ناوچەکە پاشگەزبێتەوە و رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی دژی ئەو سیاسەتەیە و پشتگیریی هەڵوێستەکانی سعودیە دەکات، دژی ”دوژمنکارییەکانی“ ئێران لە ناوچەکە بەتایبەت لە وڵاتانی عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان.





باسنیوز
Top