نەمساش بڕیاری دا ٥٠ هەزار پەنابەر سنوورداش بکاتەوە

 نەمساش بڕیاری دا ٥٠ هەزار پەنابەر سنوورداش بکاتەوە
دوای ئەوەی هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و سوید و فینلەندا بڕیاری سنوورداشکردنەوەی دەیان هەزار پەنابەریان دا، ئەمڕۆ نەمساش بڕیاری دا ٥٠ هەزار پەنابەر بەزۆرەملێ ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکاتەوە.



ئەمڕۆ یەکشەممە حکومەتی نەمسا بڕیاری دا ٥٠ هەزار پەنابەر سنوورداش بکاتەوە، ئەویش لە ماوەی ٣ ساڵدا بڕیارەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکات.


یۆهانا لایتنەر وەزیری ناوەخۆی نەمسا ئاشکرای کرد کە دەستیان بەڕێوشوێنی پەلەکردن لە زوو ناردنەوەی پەنابەران و دەرکردنی پەنابارنی تاوانبار کردووە.



لایتنەر گوتی وڵاتەکەی دەستی بە ڕێوشوێنەکان کردووە، چونکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 8365 پەنابەریان سنوورداش کردووەتەوە. لە کاتێکدا ئەو وڵاتە بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ تەنها 37500 پەنابەر وەربگرێت.


جێی باسە بەپێی وەزارەتی ناوەخۆی نەمسا، بۆ ئەمساڵ هەریەک لە وڵاتانی مەغریب، جەزائیر، تونس، جۆرجیا، مەنگۆلیا و گاناش خراونەتە لیستی وڵاتە ئارامەکان.





ئێستە لە نەمسا وەرگرتن و قبووڵکردنی هەر پەنابەرێک تەنها ١٠ ڕۆژ دەخایەنێ، دوای ئەو ماوە کورتە، ئەگەر مافی پەنابەری نەدرێتە پەنابەرەکە، ئەوا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فڕۆکەی مەدەنی یان سەربازییەوە پەنابەرەکان ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە.
Top