کەنەدا بڕیاری راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە داعش دەدات

کەنەدا بڕیاری راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە داعش دەدات
کەنەدا، یەکیک لە وڵاتەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بڕیار دەدات هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا رابگرێت.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەندا لە دیدارێکی رۆنامەڤانیدا رایگەیاند "کەنەدا دەزانێت ئێمە پێویستیمان بە کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە لە شەڕی تیرۆر، هاوکات کەنەدا رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە رووی مرۆیی و پێویستییەکانی پەنابەرانەوە، لە رووی سەربازییشەوە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبین".

ترودۆ، ئاماژە بەوە دەدات "لە بەرامبەر پێشکەشکردنی رۆڵی سەربازیی دیکە، کە خۆی دەبینێتەوە لە مەشقپێکردن و هاوکاریکردنی دیکەی هێزە ناوخۆییەکان لە شەڕی دژ بە داعش، هێرشە ئاسمانییەکانمان دژ بە رێکخراوەکە رادەگرین".

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا باس لەوەش دەکات کە لۆژیک لە پشتی ئەم بڕیارەوە ئەوەیە و "کەنەدا وەک وڵاتانی دیکە لەسەریەتی چاوەڕوانی دۆخەکە بکات و، بزانێت دەتوانێت بەشێوەیەکی باشتر یارمەتییەکانی پێشکەش بکات".

جەستن ترودۆ، لە پارتی لیبراڵە کە سێ مانگ لەمەوپێش لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا. ئەو، بەڵێنی ئەوەی دا کە وڵاتەکەی بەشداریی سەربازی لە شەڕی دژی داعشدا نەکات و، لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنیشدا باسی ئەوەی دەکرد کە کەنەدا زیاتر هاوکاریی مرۆیی ئاوارە و قوربانیانی دەستی داعش دەکات.

كەنەدا یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆڵی كاریگەری لە هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هەبووە و، هاوكاریی سەربازی زۆری هەرێمی كوردستانی كردووە، ئێستاش 69 راوێژكار و راهێنەری مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.









رووداو
Top