رەفسەنجانی: رێبەریی ئێران دەبێ‌ بەكۆمەڵ بێت

 رەفسەنجانی: رێبەریی ئێران دەبێ‌ بەكۆمەڵ بێت
عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە نوێرین لێدوانیدا پرسی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی رێبەر لە ئێرانی هێناوەتە بەرباس و ئاماژەی بەوەش داوە كە دەبێ‌ رێبەری لە ئێران بە شێوەی شوورایی (بەكۆمەڵ) بێت.



هاشمی رەفسەنجانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیلنا ئاشكرای كردووە: "تاقمێك لە مەرجەعەكانی شیعە سەرقاڵی تاوتوێی ئاست و سەلاحیەتی كەسانێكن بۆ رێبەریی ئێران كە ئەگەر رووداوێك پێشهات، بتوانن بیانخەنە دەنگدانەوە.



لە درێژەی لێدوانەكەیی رەفسەنجانیدا هاتووە: "ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری كاتێك دامەزرا بەو ئامانجەوە دامەزرا مە ئەگەر رێبەری بگۆڕدرێ‌ یان نا، یان كەسێكی دیكە بێت، بەڵام دەبێ‌ دیسان كارێكی مەزن بكات."


هەڵبژاردنی پەرلەمانی شارەزایانی رێبەریی ئێران بڕیارە 28 – 1- 2016 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە بچێت و رەفسەنجانی و یەكێك لە نەوەكانی خومەینی خۆیان تێیدا كاندید كردووە.



سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لەم بارەوە زیاتر گوتی:"لە دەستووری ئێراندا پرسی رێبەری هەر لە سەرەتاوە شوورایی و بەكۆمەڵ داڕێژراوە و ئاماژەی بە قسەكانی خومەینی كردووە كە كاتی خۆی هەر بە زارەكی نەك بە بڕیاری فەرمی لەو باوەڕەدا بوو "رێبەریی بەكۆمەڵ وەڵامدەر نییە" رەفسەنجانی راشیگەیاندووە: "لە كاتی دەستنیشانكردنی رێبەردا لە ساڵی 1990 خودی خامنەییش لایەنگری رێبەریی بەكۆمەڵ بوو و ئەندامی پێشنیاریی ئێمە بوو."


سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە: "كە كاتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی رێبەر 35 كەس دەنگیان بە شێوازی بەكۆمەڵ و 45 كەسیش دەنگیان بە شێوازی تاكەكەسی داوە."


گوتیشی: "هەرچەند ئێستە لەو بڕیارەی ئەوكاتە پەشیمان نیم، چونكە ئەگەر رێبەریی بەكۆمەڵمان هەڵبژاردبا، گرفتمان بۆ هاتبایبەتە پێش و جەختی لەوەش كردووەتەوە كە "رێبەر دەسەڵاتی رەهای ئێرانە" و گوتی:"ئێمە دەبێ‌ چاودێری دامودەزگە و دامەزراوەكانی ژێر دەسەڵاتی رێبەری بین."


بەپێی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی ئێران، پەرلەمانی شارەزایانی رێبەری ئەركی هەڵبژاردن و لابردنی رێبەر، هەروەها چاودێری بەسەر كاروبارەكانی رێبەری لە ئەستۆیە.


ئەم گوتانەی رەفەسنجانی لە كاتێك دن كە گرووپێك لە باڵی توندڕەوی ئێران لەبارەی چۆنیەتیی پێكهاتە و دەستنیشانكردنی كەسەكانی پەرلەمانی شارەزایانی رێبەری نیگەرانییان دەربڕیوە و باسیان لەوە كردووە ئەگەری زۆرە "كەمایەتییەكی بەهێز" رێبەریی ئەو پەرلەمانە بگرێتە ئەستۆ و ئەمەش هۆشدارییە.


لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشیی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ناو بەناو پرسی هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی جێگرەوەیەك بۆ خامنەیی هاتووەتە بەرباس و هەر جارە رەفەسنجانیش بە دەست بردن بۆ لێدوان و بڕیارەكانی خومەینی لەبارەی پرسی رێبەری ئەم باسە دەورووژێنێت و میدیاكانی سەر بە باڵی توندڕەوی ئێرانیش هێرش دەكەن سەری.



لە رۆژانی رابردووشدا و پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆكاندیدكردنی رەفەسنجانی و سەید حەسەن خومەینی نەوەی خومەینی، هەندێ‌ لە كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران داوایان لە بنەماڵەی خومەینی كردووە كە ئیزن نەدەن هەندی َكەس بە كەڵك وەرگرتن لە ناوی دامەزرێبنەری كۆماری ئیسلامی ئامانجەكانی خۆیان بپێكن.









باسنیوز
Top