بەهۆی كوژران و برینداربوونی بەشێكی زۆر لە فەرماندە و ئەندامانی سوپای پاسداران لە بەرەی شەڕی سووریا دەكشێتەوە

بەهۆی كوژران و برینداربوونی بەشێكی زۆر لە فەرماندە و ئەندامانی سوپای پاسداران لە بەرەی شەڕی سووریا دەكشێتەوە
ئاژانسی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ لەزاری فەرماندە بالاكانی ئەمریكاوە بڵاوی كردووەتەوە كە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەندامانی خۆی لە بەرەكانی شەڕی سووریا دەكشێنێـەوە.



رۆژنامەی "وال ستریت جۆرنال" پێشتر بڵاوی كردبووەوە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی خۆبەخشی سوپای پاسداران لە ئێرانەوە رەوانەی سووریا كران، بەڵام لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا زیاتر لە 130 ئەندامی سوپای پاسداران كوژران كە نزیكەی 20 كەسیان فەرماندەی باڵا بوون.



ئەو سەرچاوەیە كە ئاماژەی بەناوی فەرماندە باڵا سەربازییەكەی ئەمەریكا نەكردووە، نووسیویە: "ئێستە ئەو حەوت هەزار هێزەی سوپای پاسداران لە سووریا كەم كراوەتەوە و كەمتر لە 700 كەسیان ماوە كە ئێران وەك راوێژكاری سەربازی و پارێزەرەانی حەرەم و شوێنە پیرۆزە ئایینیەكان ناویان جدەبات.



"مووشە یەلعوون" وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لەم بارەوە ئاشكرای كردووە بەرنامەی سێ‌ مانگەی رووسیای بۆ ئازادكردنی پارێزگای ئەدلەب گەڕاندووەتەوە بۆ بێسەرەوبەرەیی هێزەكانی سووریا، هەروەها نەبوونی ئیرادە و ناشارەزایی ئەندامانی سوپای پاسداران كە ئێستە لەو وڵاتە شكستیان خواردووە.


لە ماوەی پێنج ساڵ شەڕی سووریادا ئێران هێزێكی زۆری رەوانەی سووریا كردووە و بەشێك لەو هێزانە كوژراون كە هەتا ئێستە ئامارێكی روون لە ژومارەیان بەروونی لەبەردەست نییە، بەڵام چاودێرانی سیاسی زۆریی ژومارەی كوژراوانی سوپای پاسداران و بەتایبەت فەرماندەكانیان بە هۆكاری كشانەوەی سوپای لە سووریا ناودێر دەكەن.



ئەم راپۆرتانە لە كاتێك دان كە "عەلی ئەكبەر وەلایەتی" راوێژكاری باڵای خامنەیی بۆ كاروباری نێ,دەوڵەتی رایگەیاندووە "كە تاران بەتەما نییە لە مەیدانی شەڕ و سیاسەتدا پشت لە بەشار ئەسەد بكات".



"ئیلای لیگ" گۆشەنووسی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ لەزاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكاوە ئاشكرای كردووە كە ئەم هەوڵەی ئێران (كشاندنەوەی هێزەكانی لە بەرەی شەڕی سووریا) درز دەخاتە نێوان هاوپەیمانیی دوو لایەنەی ئێران و رووسیا بۆ رزگاركردنی سووریا."


هەرچەند سوپای پاسداران ئەم راپۆرتانەی رەت كردووەتەوە، بەڵام زیاتر لە دوو حەفتەیە كە هەواڵی برینداربوونی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودس لە سووریا، لە هیچ شوێنێك دەرنەكەوتووە و ئێرانیش بێدەنگیی لێكردووە و تەنانەت كە بڕیار لە رۆژی خوێندكار لە ئێران لە زانكۆی بەهەشتی قسە بكات، بە هۆكاری ناڕوون هەڵوەشایەوە.











باسنیوز
Top