ئۆباما: رێککەوتنەکەی پاریس بێ کەموکوڕی نییە
دوای ئەوەی رۆژی شەممە 13-12-2015 وڵاتە بەشداربووەکانی لووتکەی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رێککەوتن، ئێوارەی هەمان رۆژ، باراك ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بەبۆنەی گەیشتن بەم رێککەوتنە گوتارێکی پێشەکەشکرد و رێککەوتنەکەی بە رێککەوتنێکی مێژوویی نێوبرد.
ئۆباما جەختی لەسەر ئەوە کردەوە "هیچ رێککەوتنێک بەدەر نییە لە کەموکوڕی" بەم رێککەوتنەکەی پاریسیشەوە، بەڵام بەبۆچوونی ئۆباما ئەگەر و ئامانجە سەرەتاییەکانی رێککەوتنەکە بپێکن، ئەوا هەنگاوێکی گرنگ دەنێن لە رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتیش کەمکردنەوەی رێژەی کاربۆن لە هەوادا.
ئۆباما هەروەها گوتی" نابێت بەهۆی رێککەوتنەکەوە، پشتمان لەو کێشەیە بکەینەوە و پێمان وابێت ئەرکمان تەواو بووە، چونکە کێشەکە تەنیا بەو دەستکەوتە چارەسەرنابێت و دەبێت کاری دیکەی بۆ بکەین، تاوەکو بتوانین ژینگەیەکی سەلامەت و هەوایەکی پاک بۆ نەوەکانمان دابین بکەین".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجیان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا روونە، بۆیە بە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان بازرگانەکان، زاناکان، ئەندزایارەکان و هەموو پیشەوەرەکانی دیکە دەتوانن "باشترین هەل" بەدەستبێنن بۆ پاراستنی زەوی لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
رووداو-