خۆجە: تاوتوێی دەرکردنی داگیرکەرانی ئێرانی و رووسی دەکەین

 خۆجە: تاوتوێی دەرکردنی داگیرکەرانی ئێرانی و رووسی دەکەین
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا رایدەگەیەنێت، کە لە کۆبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریادا، پرسی داگیرکاریی ئێرانی رووسی بۆ سەر خاک سوریا، تاوتوێی دەکەن.



بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2015، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا بە سەرپەرشتیی سعودیە، لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆببنەوە و داهاتووی سوریا و شەڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تاوتوێ بکەن.



خالید خۆجە، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە کۆبوونەوە بەراییەکاندا بە رێژەی %90 لەیەکدەنگیی نزیکبوونەتەوە.



خالید خۆجە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئۆپۆزیسیۆن وێڕای گەنگەشەکردنی داهاتووی سوریا و ئاییندەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا، تاوتوێی داگیرکاریی هەردوو وڵاتی ئێران و رووسیاش بۆ سەر خاکی سوریا دەکات.



هیشام مەروە، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا پێیوایە هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە تەواوی رێککەوتوون لەسەر کۆتایی هێنان بە بەشار ئەسەد و دەرکردنی لە سوریا.



کۆبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا لە سعودیە بە ئامادەبوونی 100 کەسایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، دەستەی هەماهەنگیی نیشتیمانیی بۆ هێزە دیموکراتییەکان، کە لە رژێمی سوریا نزیکە، لەگەڵ بەشداریی 15 گرووپی چەکداریی ئۆپۆزیسیۆن، کە سوپای ئیسلام و ئەحرار شام، بەڕێوەدەچێت










باسنيوز
Top