هاوپەیمانێتی دژی داعش لێکۆڵینەوە دەکات لە هەواڵی کوژرانی خەڵکی سیڤیل بە هێرشی ئاسمانی

هاوپەیمانێتی دژی داعش لێکۆڵینەوە دەکات لە هەواڵی کوژرانی خەڵکی سیڤیل بە هێرشی ئاسمانی
هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش دەڵێت وا لەو ڕاپـۆرتانە دەکۆڵێتەوە کە باس لە کوژرانی 26 کەسی سیڤیل دەکەن لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی ئەلخان لە باشوری شاری حەسەکە.

کۆلۆنێل ستیف وارن گوتەبێژی هاوپەیمانێتیـیەکە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی ئەگەر بێت و ئەو ڕاپـۆرتانە ڕاستبن، ئەوا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام دەدەن تاوەکو بزانن چۆن ئەوە ڕوویداوە.

جێی ئاماژەیە ئەو گوندە دەکەوێتە ناوچەیەک کە تیایدا هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەڕێکی توندان لە دژی داعش و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە هێرشی ئاسمانی پاڵپشـتیـیان دەکات.

دوێنێ دووشەممە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە نێو ئەو کەسە سیڤیلانەی بەو هێرشە ئاسمانیـیانە کوژران، 7 منداڵ و 4 ژن هەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پـێـیان وایە فڕۆکەی هاوپەیمانان هێرشەکەیان ئەنجام دابێت.

کۆمەڵەکە لە مانگی دە ئامارێـکی لە بارەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بڵاوکردەوە کە لە مانگی نۆی سـاڵی 2014 وە لە سوریا دەسـتیانپـێکردووە. تیایدا نووسیویەتی بەهۆی ئەو هێرشانەوە 3276 کەس لە ئەندامانی داعش کوژراون و 147 کەسیش لە بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە و گروپەکانی لایەنگری. لە خەڵکی سیڤیلیش 226 کەس کوژراون.




































VOA
Top