ئەمریکا هێزێکی تایبەت رەوانەی سوریا دەکات

 ئەمریکا هێزێکی تایبەت رەوانەی سوریا دەکات
نێردراوی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە لە نزیکترین کاتدا، هێزێکی تایبەتی وڵاتەکەی رەوانەی سوریا دەکرێت.



برێت مەکگۆرک، نێردراوی ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، کە رۆڵی ئەو سەربازانە رێکخستنی هێزە نەیارەکانی داعش دەبێت.



برێت مەکگۆرک ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرۆکی ئەمریکا مانگی رابردوو رەزامەندیی نیشان دا بۆ ناردنی 50 سەربازی ئەو هێزە تایبەتە ئەمریکییە بۆ سوریا، ”تەنها بۆ راوێژکاری“، کە لە ”کاتێکی زۆر نزیک“ دەنێردرێنە سوریا.



بە پشتگیریی ئەمریکا، سوپای دیموکراتیی سوریا بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەققەی پایتەختی داعش لە چەند گرووپ و هێزێکی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروستکراوە، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بەشێکە لەو سوپایە.










باسنیوز
Top