ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنیازەکەی فەرەنسای پەسەندکرد

 ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنیازەکەی فەرەنسای پەسەندکرد
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەی " هەموو پێوەرە پێویستییەکان"ی پەسەند کرد، کە باس لە دووهێندەکردنی هەوڵەکانی وڵاتانی جیهان دەکات لە شەڕی دژ بەداعشدا.

هەموو پێوەرێکی پێویست دژ بە داعش، ناونیشانی ئەو پرۆژەبڕیارەیە کە هێرشەکانی ١٣ی ئەم مانگەی پاریس وایانکرد بیری لێبکرێتەوە، پرۆژەبڕیارەکەش لەسەر پێشنیازی فەرەنسا خرایە گفتوگۆ و دواتر ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگیان لەسەر دا.

ماتیو رایکرۆفت، نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە دەڵێ " دەرەنجامی دەنگدانەکە بەم جۆرەیە: بڕیارەکە ١٥ دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم بڕیارەش، پرۆژەبڕیاری ژمارە ٢٢٤٩ی ساڵی ٢٠١٥یە".

ئەو پێشنیارەی فەرەنسا پێشتریش لەلایەن، رووسیا، بەریتانیا و ئەمریکاوە پشتیوانی لێکراوە، بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان دوو هێندە زیادبکەن لە شەڕی دژ بە داعشدا، فەرەنسا و بەریتانیاش ئامادەییان بۆ زیادکردنی کردە سەربازییەکانیان لە سووریا و عێراق نیشان داوە.

فرانسۆ دێلات، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ" داعش شەڕێکی دژ بە فەرەنسا راگەیاندووە، کە زنجیرەیەک هێرشی لە پاریس و سان دۆنی ئەنجامدا، داعش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر هەموو گەلانی ئێمە".

بەریتانیا و رووسیا پێیان وایە هاوڕابوونی بۆچوونەکان و کارکردن لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارە هێزێکی دیکە بە شەڕی دژ بە داعش دەدات.

ڤیتاڵی چورکین، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە چۆنییەتی لەناوبردنی "تیرۆر" دەکات و دەڵێ " ناتوانین بە یەک دەست تیرۆر لەناوببەین، کاری چالاک و پشتیوانیکردن لە یەکدی، ئەو کارەبوو کە ئێمە دەمانویست لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیەدا بێتە ئاراوە".

هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو پرۆژەبڕیارەی پەسەند کردووە، بەڵام پرۆژەکە بڕگەی ٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خۆی ناگرێت، کە بریتییە لە ١٢ ماددە واتە لە ماددەی ٣٩ تاوەکو ٥١ لەخۆی دەگرێت و تێیدا دەسەڵاتی شەرعی بەکارهێنانی هێز دەدات، بەڵام فەرەنسا و رووسیا لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لەوە کردووە تەنانەت بەکارهێنانی هێزی سەربازی پاساوی خۆی هەیە و بەشێکە لە مافی وڵاتان بۆ بەرگری لەخۆکردنیان.









رووداو
Top