ئۆباما سوورە لەسەر دەركردنی ئەسەد لە دیمەشق

 ئۆباما سوورە لەسەر دەركردنی ئەسەد لە دیمەشق
باراك ئۆباما رایدەگەێنێت، تا ئەو كاتەی ئەسەد لەسەر كورسیی دەسەڵات بێت، قەیرانی سووریا چارەسەر نابێت، ئەوەش دوای بەڕێوەچوونی دوو خولی دانوستانەكانی نێوان وڵاتانی زلهێزی ناوچەكە و جیهان دێت، لەبارەی چارەسەری قەیرانی سووریا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە شاری مانێلا لە فلیپین، باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵوێستی كۆشكی سپی لەبارەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا راگەیاند.

ئۆباما گوتی "رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت تا ئەو كاتەی رووسیا و ئێران و حكومەتی بەشار ئەسەد تێدەگەن، هیچ چارەسەرێك بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا، یان گەیشتن بە چارەسەری سیاسیی بوونی نییە، ئەگەر ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە".

ئۆباما روونیكردەوە، تاران و مۆسكۆ دەزانن داعش "مەترسیەكی جدیە" بەڵام هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا لە سووریا بۆ بەهێزكردنی بەشار ئەسەدە نەك لەنێوبردنی داعش.

گوتەكانی ئۆباما لەكاتێكدایە، لە كۆتایی مانگی رابردووە ، دوو خولی دانوستانەكانی پرسی سووریا لەنێوان 17 وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو، كە بە یەكەمجار ئەمریكا و سعودیە و توركیا، لە بەرەیەك و، رووسیا و ئێرانیش لە بەرەیەكی تر مێزی دانوستانەكان بوون لە ڤیەننا.

دوای ئەو دوو خولی دانووستان، چاودێرانی نێودەوڵەتی باسیان لە نزیكبوونەوەی نەیارەكانی جیهان دەكرد بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا، كە چوار ساڵە گرێكوێرەكەی ناكرێتەوە.

رووسیا لە 30ی ئەیلوولی 2015ەوە هێرشەكانی بۆ سەر "تیرۆریستان" لە سووریا دەستپێكردووە، بەڵام ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەڵێن "ئامانجی مۆسكۆ لەنێوبردنی نەیارەكانی ئەسەدە، نەك داعش".

هەرچی رووسیایە پێیوایە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، حكومەتی شەرعی دیمەشقە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار لەگەڵ ئەو حكومەتە بكات بۆ لەنێوبردنی تیرۆر لە سووریا.

لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2015 لە سەردانێكی چاوەڕواننەكراودا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە كۆشكی كریمڵین لە مۆسكۆ پێشوازی لە بەشار ئەسەد كرد و كۆبوونەوە. ئەمریكا و چەند وڵاتێكی تریش رەخنەی توندیان لە فەرشی سوور راخستنی مۆسكۆ بۆ ئەسەد گرت.
Top