هەڵوێستی خامنەیی لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی
خامنەیی لە نامەكەیدا دەڵێت " رێککەوتنی ئەتۆمی خاڵی ناڕوونی تێدایە و لە زۆر جێگا پێکهاتەیەکی لاوازی هەیە، بۆیە ئەگەر وریانەبین رێککەوتنی ئەتۆمی دەتوانێ زیانی گەورە بە ئێران بگەیێنێت". دەشڵێت سەرچاوەی رێککەوتن دەقی رێککەوتننامەکەیە نەک لێکدانەوەی لایەنەکانی دیکە و هەر لێدوانێک لەبارەی مانەوەی پێکهاتەی گەمارۆکان و دانانی هەر گەمارۆیەک، پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمییە.
لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆكانش لەسەر ئێران بەپێویستی دەزانێت سەرۆککۆماری ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەنووسراو هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان رابگەیێنن. هەرچەندە دەڵێت بەشداری ئەمریکا لە دانوستاندنی ئەتۆمی ئامانجی دوژمنکارانەی لەپشت بووە، بەڵام ئاشكرایدەكات كە باراک ئۆباما لە دوو نامەدا پێی راگەیاندوووە کە نایانەوێ کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن.
رووداو