بەشار ئەسەد سەردانی رووسیا دەکات

بەشار ئەسەد سەردانی رووسیا دەکات
سەرۆکی رژێمی سوریا سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیای کردووە و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی رووسیا تودەی، بەشار ئەسەد رۆژی سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2015 بە سەردانێکی رانەگەیەندراو سەردانی مۆسکۆی کردووە.

ڤلادیمێر پوتین و بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی رووسیا لە دژی نەیارانی ئەسەدیان کردووە.

ئەم سەردانەی بەشار ئەسەد بۆ رووسیا، بە یەکەم سەردانی دادەنرێت بۆ دەرەوەی وڵاتە، لەوکاتەوەی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمەکەیدا لە مانگی ئاداری 2011 دروستبووە.

رووسیا هاوشانی ئێران و چین، بەرگریکارێکی سەرسەختی رژێمی سوریایە و بەم دواییانەش، چەندین فڕۆکەی جەنگی ناردە سوریا بۆ لێدانی گرووپە نەیارەکانی بەشار ئەسەد.

سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ رووسیا، دوای هەواڵی کردنەوەی نووسینگەی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) دێت لە مۆسکۆ، کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2015، بە بەشداری بەرپرسانی باڵای پەیەدە، کە باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە سوریا، بکرێتەوە.








باسنیوز
Top