رابەری گرووپی خوراسان لە سووریا کوژرا

رابەری گرووپی خوراسان لە سووریا کوژرا
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند" لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی گرووپی خوراسان، موحسن ئەلفەزڵی، رابەری گرووپی خوراسان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نزیک شارەدێی سەرمە لە رۆژئاوای حەلەب کوژرا".
جێڤ دیڤیس، گوتەبێژی، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت ''فەزڵی هەڵگری رەگەزنامەی کوەیتییە، ئەو لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا بوو لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دیکە کە لە 15-10-2015-ی ئەم مانگەوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردوومانکراوەو کوژراوە''.
موحسن ئەلفەزڵی سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی ئەلقاعیدە بوو، لەلایەن ئەو رێکخراوە لە پاکستانەوە رەوانەی سووریا کرا بۆ دروستکردنی گرووپی خوراسان وەک باڵێکی ئەو رێکخراوە لە سووریا، فەزڵی دەستی هەبووە لە هێرشەکانی 11-ی سێپتەمبەر لە ئەمریکا و هێرشەکانی فێلکا لە کوەیت بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2002 وهێرشکردنە سەر کەشتی نەوتی فەرەنسی لێمبریج.
ئەمریکا لە تەمموزی ئەمساڵ بەئامانجکردنی بنکەیەکی خوراسانی لە سووریا راگەیاند و ئامانج لێی کوشتنی فەزڵی بوو، بەڵام دەربازی بوو، دواتر 7 ملیۆن دۆلار تەرخانکرا بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەری، یاخود ببێتە هۆکارێک بۆدەستگیرکردنی.
Top