ئەمریکا: گرنگترین شت لای ئێمە ئارامی و ئاسایشی کوردستانە

ئەمریکا: گرنگترین شت لای ئێمە ئارامی و ئاسایشی کوردستانە
ئەمریکا رایگەیاند:" ئاسایشی هەرێمی کوردستان گرنگترین شتە بەلای واشنتنه‌وه‌ و، دەبێت هەوڵەکانیش یەکخرێن بۆ شەڕی تیرۆرستانی داعش. هەروەها داوا دەکات پارتەکانی باکووری کوردستان واز لە کێشەکان بێنن و بۆ شەڕی داعش یەکدەستبن.
مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی رۆژانەی وەزارەتەکەی رایگەیاند:" ئێمە داوا له‌ پارتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین،پێکەوە هەوڵی بونیادنەریان هەبێت و هاوکاری یەکدی بن بۆ شەڕی داعش."
تۆنەر گوتیشی:" داوا دەکەین هەموو پارتەکان نەرم بن بەرامبەری یەکدی و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەرکەن، چونکە ئەگەر کێشەکان چارەسەربن،حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت فۆکس و کاری زیاتر بکات بۆ شەڕی داعش کە دوژمنی سەرەکیی هەموومانە."
تۆنەر راشیگەیاند:" واشنتۆن دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکە لە هەرێمی کوردستان".
ئەو قسانە لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو ژمارەیەک بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری سلێمانی سووتێندرا و، لە گەرمیانیش دوو کادیری پارتی گیانیان لەدەستدا .
ئەمریکا، بەردەوام جەخت لەسەر ئاسایش و ئارامیی کوردستان دەکاتەوە، چونکە پێیوایە نموونەی پێکەوە ژیانە لە ناوچەکە و، تاکە ناوچەی ئارامیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمی کوردستانه‌.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایشی دەکات؛ بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لە پەیوەندیدان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لەناوبردنی داعش و هێوکردنەوەی رەوشی هەرێمی کوردستان. وەک مارک تۆنەر دەڵێت:" سەرکردەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد بەردەوام لە پەیوەندیدان."
تۆنەر گوتیشی:" داوا لە لایەنەکان دەکەین بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان کاریگەری نەبێت لەسەر ئاشتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات :" هەر کێشەیەک،رەوشی مرۆیی کوردستان خراپتر دەکات و نابێت رێگەبدرێت کێشە دروستبکرێت، بەتایبەت کە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و لە سووریاش پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و بووەتە باوەشێکی ئارامی پەنابەران.
Top