بەرپرسێکی ئەمریکی: نیشانەی ئاشکرامان لە بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریا لەبەردەستدایە

بەرپرسێکی ئەمریکی: نیشانەی ئاشکرامان لە بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریا لەبەردەستدایە
پەت رایدێر، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەیالەتە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ نیشانەی ئاشکرامان لەبەر دەست دایە کە هێزەکانی ئێران لە خاکی سووریادان.

ئاژانسی فەڕەنسی لە زاری وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەیالەتە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە؛ سوپای ئەمریکا هەندێک بەڵگەی لە سەر یارمەتی هێزەکانی ئێران بە سووریا کەوتۆتە دەست.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد؛ هێزەکانی رژیمی سووریا بە یارمەتی هێزی ئاسمانی روسیا بەرەو باکووری ئەو وڵاتە لە پێشڕەویدان.

بە گووتەی پەت رایدێر، بەردەوامی هێرشەکان دژی نەیارانی حکومەتی ئەسەد، بووەتە هۆی لاوازبوونی هێزی سەربازی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە شەر دژی داعش.

رۆژی هەینی بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئاژانسی فەڕەنسی راگەیاند؛ هێزێکی ٢٠٠٠ کەسی سەر بە ئێران لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی حەلەب بەشدارن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بوونی هێزی چەکداری ئێرانی لە سووریا رەتدەکەنەوە.
Top