تورکیا لەسەر یارمەتی سەربازی پەیەدە، داوای روونکردنەوە لە ئەمریکا و روسیا دەکات

تورکیا لەسەر یارمەتی سەربازی پەیەدە، داوای روونکردنەوە لە ئەمریکا و روسیا دەکات
سەبارەت بە یارمەتییە سەربازییەکانی هێزی هاوپەیمانان و رووسیا بۆ پەیەدە، تورکیا باڵوێزی وڵاتانی ئەمریکا و روسیای بانگهێشت کرد.

رۆژی چوارشەممە ١٤ی ئۆکتۆبەر، ئاژانسی فەڕەنسا لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ رۆژی سێ‌شەممە ١٣ی ئۆکتۆبەر بۆ روونکردنەوە لە سەریارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و روسیا بۆ پەیەدە، تورکیا باڵوێزی وڵاتانی ئەمریکا و رووسیا بانگهێشت کردووە.

بە گووتەی ئەو بەرپرسە، تورکیا لە سەر ئەو یارمەتییانە هۆشداری داوەتە باڵوێزی ئەمریکا و رووسیا.

تورکیا پەیەدە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) دەزانێت کە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە تا ئێستا لەگەڵیان لەشەڕ دایە.

هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە شەڕ دژی داعش، هەوڵی ناردنی چەکوچۆڵی سەربازیان بۆ رۆژئاوار کوردستان داوە.

ئەو هەوڵەی هێزی هاوپەیمانان دوای ئەوە ئەنجامدرا کە هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند پرۆسەی مەشق پێکردنی چەکدارانی میانەڕەو، رووبەڕووی رەخنەی توند بۆتەوە و بە جێی ئەوە هەوڵی پڕچەککردنی ئەو هێزە کوردیانە دەدات.

بەرپرسێکی باڵای رووسیاش هەفتەی رابردوو دانیشتنێکی لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پەیەدە سەبارەت بە شەڕی داعش ئەنجامداوە.

Top