مەهەپە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا

 مەهەپە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا
بۆ پروپاگندەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیا کە تەنیا 24 رۆژی ماوە، سەرۆکی مەهەپە لە 3 شار زیاتر لە هیچ شارێکی دیکەی تورکیا میتینگ ناکات، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیراندا لە 50 شاری تورکیا میتینکی ئەنجامدا.
جێگری سەرۆکی مەهەپە (سەمیح یاڵچن) لە دیمانەیەکیدا بۆ ئاژانسی (AA) باسی لە میتینگەکانی (باخچەلی) کرد بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئاماژەی دا بڕیاریانداوە تەنیا لە شارەکانی (ئیستەنبۆڵ، ئەزمیر، ئانکارا) میتینگ بۆ (باخچەلی) ئەنجام بدەن، چونکە تێچووی ئەو میتینگانە زۆری تێدەچێت و لە توانایاندا نییە ئەو هەموو پارەیە لە میتینگەکاندا خەرج بکەن.
بە گوێرەی گوتەی (یاڵچن) رەنگە کەمی میتینگەکان کاریگەری لەسەر دەنگی مەهەپە هەبێت، بەڵام بەو رێژەیە نییە کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانیان کەم بکات.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کە خەڵکی تورکیا بێزاربوونە لە دەست پروپاگندەی هەڵبژاردن و پێویستە پارتەکان رەچاوی باری سایکۆلۆژی خەڵک بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (یاڵچن) گوتی هەفتەیەک بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن (دەوڵەت باخچەلی) دەچێت بۆ ئەوروپا و لەوێ لە چەند وڵاتێک میتینگ بۆ هاووڵاتیانی تورکیا دەکات و پەیامی مەهەپەیان پێڕادەگەیەنێت.
مەهەپە لە بەرواری 11ی مانگ میتینگێکی گەورە لە ئەزمیر ئەنجام دەدات و لە 18ی مانگیش لە ئیستەنبۆڵ و دوا میتینگیش لە 25ی مانگ لە ئەنکەرا ئەنجام دەدات.
ئەمە بۆ یەکەمجارە مەهەپە لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا تەنیا 3 میتینگ بۆ سەرۆکەکەیان ئەنجام بدەن و لە هەموو هەڵبژاردنێکدا (باخچەلی) سەردانی زیاتر لە 50 شاری تورکیای کردوە لە کۆی 81 شاری تورکیادا.
Top