ئۆپۆزیسیۆنی سووریا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسیای راگەیاند

 ئۆپۆزیسیۆنی سووریا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسیای راگەیاند
فڕۆکەیەکی کۆکردنەوەی زانیاری رووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا خرایە خوارەوە، سەرچاوەیەکیش لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لەکاتی بۆردوومانکردندا جیاوازی ناکەن و پێگە سەربازییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەنە ئامانج.

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند ، كە شەوی رابردوو یەكێك لە هێزەكانیان فڕۆکەیەکی کۆکردنەوەی زانیاری رووسیایان لەسەر ئاسمانی شارۆچکەی خان عەسەل لە دەوروبەری شاری حەلەب خستووەتە خوارەوە.

بەپێی سەرچاوەکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، فڕۆکەیەکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئاسمانی شارۆچکە خان عەسەل لە دەوروبەری شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا چاودێری یەکەکانی هێزەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای کردووە و دواتر لەلایەن هیزەکانیانەوە خراوەتە خوارەوە.

سەرچاوەکە هەروەها گوتی " فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە سووریا پشتگیری تەواو لە سوپای بەشار ئەسەد دەکەن، هاوکات لەکاتی بۆردوومانکردندا فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا جیاوازی ناکەن و پێگەکانی سەربازی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەنە ئامانج".







رووداو
Top