فەرماندەی گروپێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت فڕۆکە ڕووسیایـیەکان عەمبارەکانی چەکی وێرانکردوون
حەسەن حاجی عەلی فەرماندەی لیوای سقوڕ ئەلجەبەل ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی شەوی سێشەممە لە پارێزگای حەلەب فڕۆکەکانی ڕووسیا لە عەمبارە سەرەکیـیەکانی چەکی داون و بە تەواوی وێرانیکردوون.
لیوا سقوڕ ئەلجەبەل یەکێـکە لەو گروپانەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە لە لایەن ئەمەریکاوە بە میانڕەو ناودێردەکرێت.
بەپـێی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە میانەی بەرنامەیەکی نهێنی CIA لە عەرەبسـتانی سعودیـیە مەشق و ڕاهێنان بەم گروپە کراوە، ئەمەش جیاوازە لە ئەرکەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی چەک بۆ ژمارەیەک لە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بە مەبەستی شەڕی دژی داعش.
جێی ئاماژەیە لیوا سقوڕ ئەلجەبەل لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری سوریا چالاکن کە داعشی لێ نیـیە و لە ئێسـتادا بووەتە یەکێـک لەو شوێنە سەرەکیـیانەی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆردومانی دەکەن.
VOA