رێبەری ئێران: دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا قەدەغەیە

رێبەری ئێران: دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا قەدەغەیە
ئایەتۆڵڵا "خامنەیی" رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێکدا رایگەیاندووە، دانۆستان کردن لەگەڵ ئەمەریکا قەدەغەیە.

بە گوێرەی هەواڵی "بی بی سی"، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەکان و ستافی هێزی دەریایی سوپای پاسداران گوتویەتی: "دانۆستان کردن لەگەڵ ئەمەریکا قەدەغەیە لەبەر ئەوەی کە زیانی زۆری لێدەکەوێتە و هیچ قازانجێکی نییە".

"خامنەیی" لەو دیدارەدا جەختی کردۆتەوە کە لە چوارچێوەی دانۆستانەکانی ئەتۆمی، "ئەمەریکییەکان هەر هەلێکیان دەست کەوتبا کەڵکیان لێوەردەگرت بۆ کارتێکەری هەر چەندە لایەنی ئێرانی ئاگاداری ئەو بابەتە بووە".

رێبەری ئێران لە دوو ساڵی رابردوو بە بەردەوامی دووبارەی کردۆتەوە کە رێگە بە دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا دەدات لە سەر بابەتی ئەتۆمی، بەڵام ئەو دانۆستانە بە واتای ئاساییکردنەوەی دانۆستان یان پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە نییە.

ئایەتۆڵڵا "خامنەیی" لە بەشێکی دیکە لە وتارەکەی جەختی کردەوە کە "دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا بە واتای کردنەوەی رێگایە کە ئەوان بتوانن لە بوارەکانی ئابووری، کلتووری، سیاسی و ئاسایش کارتێکەریان لە سەر وڵاتدا هەبێت".

رێبەری ئێران کێشەی ئێستای ئێرانی لە بوونی کەسانێکی کەمتەرخەم زانی کە لەو راستیانە تێ ناگەن. رێبەری ئێران لە وتاری سێ هەفتە لەمەوبەریشی لە سەر "کارتێکەری دوژمن" لە بارودۆخی دوای رێککەوتنی ئەتۆمی هۆشداری دابوو.
Top