ئەردۆغان دوایین هۆشداری دەداتە مۆسکۆ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا سەبارەت بە بەزاندنی سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی روسیاوە رایگەیاند، کە تورکیا بەشدارە لە هاوپەیمانێتی باکووری ئەتڵەسی (NATO) و هەر لایەنێک مەترسی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی دروستبکات، هەموو ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە رووبەڕووی دەبنەوە.
ناوبراو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە بەلجیکا ئەنجامدرا، وتی: "ئەندامانی هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڕیاری خۆیان داوە و هەر هێرشێک بۆ سەر تورکیا، وەک هێرش بۆ سەر وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەکەدا، مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن".
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەیکرد بەوەی لەکاتێکدا، کە وڵاتەکەی بەبێ جیاوازی لەنێوان مسوڵمان، یەزیدی و مەسیحیدا، میوانداریی زیاد لە ملیۆنێک هاوڵاتیی سوری و 300 هەزار عیراقی دەکات، بەشار ئەسەد بووەتە هۆی کوژرانی زیاد لە 350 هەزار کەس و هێشتا چەند لایەنێک هەن کە پشتیوانیی لێدەکەن.
خەندان