فڕۆكەیەكی دیكە ئاسمانی توركیای بەزاند

فڕۆكەیەكی دیكە ئاسمانی توركیای بەزاند
فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا رایگەیاند كە دوای فڕۆکە روسییەکە، فڕۆکەیەکی دیکەی نەناسراو سنووری ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە.

لەراگەیێندراوێكدا رۆژی سێشەممە 6 ی تشرینی یەكەمی 2015، فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا رایگەیاند كە فڕۆکەیەک لە جۆری MIG-29 سنووری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە، چوار خولەک و 15 چرکەش لە ئاسمانی تورکیادا ماوەتەوە.

دوێنێ دووشەمە 5ی تشرینی یەکەمی 2015، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، كە فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا لە نزیک سنووری سووریا، ئاسمانی تورکیای بەزاندووە و ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەشیان دوو فڕۆکەی جۆری F16ی بۆ دوورخستنەوەی فڕۆکە رووسییەکە رەوانەکردوون. ئەم رووداوەش كاردانەوەی تووندی توركیا و ئەمریكای لێكەوتەوە.

لە روونكردنەوەیەكیشدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، كە فڕۆکەیەکیان لە جۆری سوخۆی-30 بۆ ماوەیەکی کەم بەدرێژایی سنووری سووریا چووەتە نێو ئاسمانی تورکیا، بەڵام تەنها چركەیەك ماوەتەوە و هۆكارەكەش خراپی كەشوهەوا بووە و هیچ مەبەست و هۆكارێكی دیكەی نادیار نەبووە.

































رووداو
Top