مەحمود عەباس سەردانی ئێران دەکات

 مەحمود عەباس سەردانی ئێران دەکات
کاربەدەستێکی باڵای دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین رایگەیاند کە مەحموود عەباس لە داهاتووییەکی نزیکدا سەردانی ئێران دەکات.

ئەحمەد مەجدەلانی، نوێنەری مەحموود عەباس کە لە رۆژی شەممەوە لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە سەردانێک لە تارانن، بە ئاژانسی هەواڵی شین هوای چینی راگەیاند کە "مەحموود عەباس، سەرۆکی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە نیازە لە ماوەی ٢ مانگی داهاتوودا سەردانی ئێران بکات".

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە هەندێ سەرچاوەی حەماسیش باسیان لە ئەگەری سەردانی خالید مەشعەل کردووە بۆ تاران لە داهاتوویێکی نزیکدا.

مەجدەلانی رایگەیاندووە کە لەم سەفەرەیدا بۆ تاران، سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ گەشتی داهاتووی مەحموود عەباس لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران باس و راوێژی کردووە.

مەجدەلانی گوتیشی: "ئەو شاندەی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین کە ئێستا لە تارانن، بۆ دامەزراندنەوەی پەیوەندیی فەلەستین لەگەڵ ئێران هەوڵ دەدەن".

مەحموود عەباس، دوایین جار ساڵی ٢٠١٢ و بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی بێلایەن سەردانی ئێرانی کردووە.














رووداو
Top