نەتەوە یەکگرتووەکان: چوونە دەرەوەی قاسم سلێمانی بۆ وڵاتان قەدەغەیە و سەردانی روسیای كردووە

 نەتەوە یەکگرتووەکان: چوونە دەرەوەی قاسم سلێمانی بۆ وڵاتان  قەدەغەیە و سەردانی روسیای كردووە
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕویتەرز، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانێکی نهێنیدا چووەتە وڵاتی ڕووسیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

قاسم سلێمانی کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چوونە دەری لێ قەدەغە کراوە لەم دواییانەدا سەردانی مۆسکۆی کردووە و حکوومەتی ئەمریکاش سەرقالی لیکۆڵینەوە لەو پرسەیە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا پرسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هاتووەتە بەرباس، هەروەها پرسی رادەست کردنی مووشەکی “ئێس ـ 300″یش بە ئێران تاوتوێ کراوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2007 ناوی قاسم سلێمانی خستە ناو لیستەی ڕەشەوە و داوای لە وڵاتانی ئەندام کردبوو کە ئیزنی سەفەر کردنی پێ نەدەن و سەرجەم داراییە ماڵییەکانیشی لەبانکە بیانییەکان بلۆکە کرابوو.

پاش رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ولاتانی کۆ یەک، کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردەوە کە ناوی قاسم سلێمانی لە لیستەی تیرۆردا دەرهێنراوە و لەو بارەیەوە “ڤێندی شێرمەن” جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە لیستەی ڕەشی ئەمەریکادا دەمێنیتەوە و ئەو فەرماندە سەربازییە بە هۆکاری تیرۆریستییەوە گەمارۆی خراوەتە سەر.

ڤێندی شێرمەن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردبوو، قاسم سلێمانی لە ریزی یەکەمی گەمارۆکان دایە و بەم نزیکانەش ناوی لە لیستەی ڕەشدا ناسڕدرێتەوە.














باسنیوز
Top