سێ لایەن دژی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکن

سێ لایەن دژی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکن
پاش ئەوەی رۆژی رابردوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ حکوومەتی ئێران راگەیەندرا، ئیسرائیل، سعوودیا و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئەمەریکا دژی ئەو رێککەوتنە وەستانەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، هەر دوو وڵاتی سعوودیا و ئیسرائیل سەبارەت بە رێککەوتنەکی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی رەزامەندی خۆیان دەرنەبڕیوە و ئیسرائیل زۆر بە توندیش دژی رێککەوتنەکە وەستاوەتەوە.

تەنیا چەند ساتیک پاش راگەیاندنی رێککەوتنەکە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕەخنەی زۆر توندی لە وڵاتانی دانوستانکار گرت و رێککەوتنەکەی بە زۆر خراپ وەسف کرد.

نتانیاهۆ باسی لەوەش کرد وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمەریکا جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەیان بە حکوومەتی ئێران دایەوە کە خۆی لە قەیرانی ئابووری دەرباز بکات و دەستی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ئاواڵەتر بێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتی سعوودیاش بە چاوی ڕەخنەوە روانیویەتە رێککەوتنەکە و لەو باوەڕەدا بووە کە ئیمتیازی زۆر بە ئێران دراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشیک لە ئەندامانی کۆماریخوازەکانی ناو کۆنگرێسی ئەمەریکاش رەخنەیان لە کۆی گشتیی رێککەوتنکە گرتووە و گوتوویانە ئۆباما تەنیا بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیدا چالاکیی هەبووە ملی بە ئەو رێککەوتنە داوە.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرە باسیان لەوەش کردووە کە ئەو رێککەوتنە بەدژی وڵاتی ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناڤینە و پێویستە زۆر بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.

سیناتۆر لیندزی کە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماریی ساڵی 2016ی ئەمەریکا کاندید کردووە لەو باوەڕەدا بووە کە ئەو کۆبوونەوە دوو حەفتەیەی ڤییەنا ناتوانێ پێش بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بگرێت.

پاش ئەوەی کە رێککەوتنەکە بە فەرمیی راگەیەندرا دوو حکوومەتی سووریا و عەممان بە فەرمی پیرۆزباییان لە حکوومەتی ئێران کرد.



















باسنیوز
Top