سیناتۆرێکی ئەمریکی: ئەوەی لە عێراق روودەدات ڤێتناممان بیردێنێتەوە

 سیناتۆرێکی ئەمریکی: ئەوەی لە عێراق روودەدات ڤێتناممان بیردێنێتەوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوەی لە عێراق روودەدات و ئەو جەنگەی کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە فەرماندەیی ئەمریکا لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستیپێکردووە، "جەنگی ڤیتناممان بیردێنێتەوە".

سیناتۆر رایان زینک، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند "چۆن توانیمان ژمارەیەک بەدەستبێنین وەک کوژرانی ١٠ هەزار ئەندامی داعش لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەوە؟ ئێمە هێزمان لەسەر زەوی نییە بتوانێ لەم ژمارانە بکۆڵێتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ئاسمانەوە ئەنجامدەدرێن.. ئەم ژمارانە لە باشترین دۆخدا تەنها خەمڵاندنن".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەشڵێ "ئەوەی دەیبینین رێکخراوی داعش ئاڵۆزە، سیستمێکیان هەیە هاوشێوەی وەزارەتەکان کاردەکات، ئەوان وەزیرانی بەرگری، زانیاری، پرۆپاگەندە و دابینکردنی داهاتیان هەیە... ئەوانە کەسی لێهاتوون لە جێبەجێکردنی ئەوەی ئەنجامی دەدەن، زۆربەیان لە سەردەمی سەدام حووسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق بۆ چەندین ساڵ فەرماندەبوونە، بۆیە ئەودەمەی پێشڕەوی دەکەن و ناوچەیەک کۆنترۆڵدەکەن، ئەوە ئەنجامدەدەن، کە پێویستە و ئێمە ئێستا دەیبینین ئەوان چۆن گرنگی ئاو هەڵدەسەنگێنن".

سیناتۆرەکەی ئەمریکا ئاماژەش دەکات کە "روونە ئێمە سەرناکەوین، هەڵمەتی ئاسمانی بە تەنیا سەرکەوتوو نییە و ئێمە بەردەوامین لە دۆڕاندنی ناوچەکان و رۆژانە زۆرتر رووندەبێتەوە، کە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان شکستدێنن.. دەبێ چی بکەین لە سووریا؟ دەبێ چی بکەین لەگەڵ ئێران؟ چ روودەدات ئەگەر ئێران چەکی ناوەکی دەستکەوت؟ ئاخۆ دەتوانین ئێرانییەکان و کاریگەریان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عێراق دووربخەینەوە؟ لەم کاتەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نابینم".

گوتەکانی ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پیران لە کاتێکدایە، کە داعش هەفتەی رابردوو دەستی بە داخستنی بەنداوەکانی پارێزگای ئەنبار کرد، لە رۆژئاوای عێراق، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری فورات لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رومادی و رۆژئاوای بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەیە.








رووداو
Top