چوار سەربازی سعودیە لەهێرشێکدا لەسەر سنووری یەمەن کوژران

 چوار سەربازی سعودیە لەهێرشێکدا لەسەر سنووری یەمەن کوژران
لەشەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ساڵح و حوسییەکان بۆسەر هەردوو ناوچەی سنووریی جیزان و نەجران نێوان یەمەن و سعودییە چوار سەربازی عەرەبستانی سعودیە کوژران.

هێزەکانی سوپای سعودیە رایانگەیاند " چوار سەربازی سعودیە لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوپای سعودیە و هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن و چەکدارانی حوسی لەسنووری نێوان سعودیە و یەمەن لەناوچەکانی جیزان و نەجران کوژراون".

بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای سعودیە، هێرشەکە لەدیوی یەمەنەوە کراوەتە سەر هێزەکانیان لە جیزان و نەجران، شەڕەکەش ماوەی 5 کاژێری خایاندووە، هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە دەیان چەکداری یەمەنی کوژراون.

ئەو سەربازە کوژراوانەی هێزەکانی سوپای سعودیەش، بریتین لە ئەفسەرێکی گاردی نیشتمانی و دوو سەربازی هێزەکانی پیادە و پاسەوانێکی سنوور.

پەیامنێری رووداو لە یەمەن باسی لەوە کرد، کە بەگوێرەی ئەو زانییارییانەی دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) کەوتوون لایەنگرانی عەلی عەبدوڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن و چەکدارانی حوسی دەستیان بەسەر چەند پێگەیەکی سوپای سعودیە لەنێو خاکی سعودییەدا گرتووە.








رووداو
Top