بۆ به‌رگریكردن له‌ دیمه‌شق هه‌زاران چه‌كداری عیراق و ئێران ده‌گه‌نه‌ سوریا

بۆ به‌رگریكردن له‌ دیمه‌شق هه‌زاران چه‌كداری عیراق و ئێران ده‌گه‌نه‌ سوریا
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی سوری رایگه‌یاند، به‌مدواییانه‌ هه‌زاران چه‌كداری عیراق و ئێران به‌مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له‌ دیمه‌شق و ده‌وروبه‌ری گه‌یشتونه‌ته‌ سوریا. ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌كداره‌ جیهادییه‌كان رایانگه‌یاند، ئامانجی داهاتویان پایته‌خته‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌ ئاژانسی رۆژنامه‌وانیی فه‌ره‌نسی راگه‌یاند، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار چه‌كداری عیراقی و ئێرانی گه‌یشتونه‌ته‌ سوریاو ئامانجی یه‌كه‌میان به‌رگریكردنه‌ له‌ پایته‌خت و رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م چه‌كدارانه‌ عیراقین.

سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ رازی نه‌بوو ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت رونیشیكرده‌وه‌، به‌نیازن ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ بگاته‌ 10 هه‌زار بۆ پاڵپشتیكردنی سوپای سوریاو چه‌كدارانی سه‌ر به‌ رژێمی ئه‌سه‌د له‌ دیمه‌شق له‌قۆناغی یه‌كه‌م و له‌قۆناغی دووه‌میشدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری جسر شغور كه‌ رێگه‌ رووه‌و شاره‌ كه‌نارییه‌كان و ناوچه‌ی حه‌ما له‌ناوه‌ڕاستی وڵات، ده‌كاته‌وه‌.

له‌ 25ی مانگی نیسان پاش پێكدادانێكی توند له‌گه‌ڵ سوپای فه‌تح كه‌ به‌ره‌ی نوسره‌و چه‌ند لایه‌نێكی تر له‌خۆده‌گرێ، رژێمی ئه‌سه‌د كۆتڕۆڵی خۆی له‌سه‌ر شاری ستراتیژی جسر شغور له‌ پارێزگای ئیدلب له‌باكوری خۆرئاوای وڵات، له‌ده‌ستدا.










خه‌ندان -
Top