پێشنیازێکی نوێی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی پەنابەر

 پێشنیازێکی نوێی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی پەنابەر
کۆمیسیۆنی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاریی بۆ پێشنیازی پلانێک دەکات ، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە خوێندنەوەی بۆ بکرێت کە ئایا چۆن وڵاتانی ئەندام پەنابەر وەربگرن.

لە ئێستاوە ئەو پێشنیازە کەوتووەتە بەر رەخنەی تووندی ڤیکتۆر ئۆربێن سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، و دەڵێت "پلانێکی شێتانەیە".

هەندێک سەرچاوە بۆ ئاژانسی هەواڵی AFP کە ئاژانسی TT ی سوێدیش بڵاویکردووەتەوە، جان کلۆد یانکەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازدەکات ٢٠ هەزار پەنابەر بە فەرمی لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت و بەشێوەیکی دادپەرەوەرانە بەسەر هەر ٢٨ وڵاتە ئەندامەکەدا دابەشبکرێن. ئەو پەنابەرانە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی بێکاری و دەرامەتی تاک بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابەشدەکرێن و ئەوەی پێشتر ئەو وڵاتانە چەند پەنابەریان هێناوە لە کەمپەکانی دەرەوەی سنووری ئەوروپا.

سەرچاوەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا ئەوەیان ئاشکراکردووە کە ئەڵمانیا پشتیوانی تەواوی پێشنیازە دەکات و سوێدیش پێیوایە کارێکی خراپ نییە.

گووی ڤێرهۆفستادت، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت شەش وڵاتی، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا و سوێد، 80%ی ئەو ژمارە پێشنیازکراوە وەردەگرن.

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رەخنەی ئەوە دەگرێت کە ١٣ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا هیچ بەرپرسیارێتییەک ناخەنە سەر شانی خۆیان.

ئەم پێشنیازەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دوای نقومبوونی ژمارەیەک لەو بەلەمانە دێت کە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا نقومبوون و ژمارەیەکی زۆر پەنابەری خەڵکی ئەفریقا گیانیانلەدەستدا.

تا دێت ژمارەی رەگەزپەرستان و دژایەتی پەنابەران لە یەکێتی ئەوروپا لە هەڵکشاندایە، ژمارەیەکی زۆر لەو پارتانەی کە هەڵگری بیری رەگەزپەرستین لەناو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەندام، دەنگێکی زۆریان هێناوە و کاریگەرییان بەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا هەیە. چاودێران پێیانوایە کە ئەو پێشنیازە رووبەڕووی رەخنەی تووندی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام، بەتایبەتی ئەوروپای رۆژهەڵات دەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی ئەوروپا بە AFP گوتووە "پلانی ناچارکردنی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا کە بەزۆر دەبێت پەنابەر وەربگرن لە کردەوەدا وەکو راگەیاندنی شەڕ وایە".

ئیتاڵیا هیوادارە کە ئەو پێشنیازە تەنیا پەنابەرانی سیاسی نەگرێتەوە، بەڵکو ئەو کۆچپەرانەی کە بەهۆی ئابوورییەوە وڵاتانی خۆیان بەجێدەهێڵن بگرێتەوە، بەڵام پێدەچێت رووبەڕووی رەخنەی تووندی وڵاتانی ئەوروپا بێتەوە و بێهیوای بکەن.














روداو
Top