وەزیری بەرگری تورکیا باس لە ئەگەری دەستتێوەردانی سووریا دەکات

وەزیری بەرگری تورکیا باس لە ئەگەری دەستتێوەردانی سووریا دەکات
عیسمەت یەڵماز، وەزیری بەرگری تورکیا رۆژی ٩/٥/٢٠١٥ لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ شاری سیواس لە باکووری کوردستان وەڵامی دەنگۆی ئەگەری دەستتێوەردانی سەربازی وڵاتەکەی لە سووریا دایەوە.

یەڵماز لەو بارەیەوە گوتی: "هیچ پلانێکی لەو جۆرەمان نییە. دەبێت هەموو هاونیشتیمانیان ئەمە بەباشی بزانن کە ئەو دەنگۆیانە راست نین".

دوو رۆژ پێشتر گورسەل تەکین، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری CHP گوتی کە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە ئامادەکاری ئەوەدایە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکەی تورکیا لە مانگی حوزەیران، دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا دەستپێبکات. لە وەڵامدا ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەوەی بە درۆ خستەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا لە هەمان سەرداندا باسی لە پێکهاتەی سوپای وڵاتەکەشی کرد و باسی لە مەترسی ئەوە کرد کە چاوەڕێدەکرێت لە داهاتوودا رێژەی دانیشتوانی گەنج کەمببێتەوە. لە ئەنجامدا پێویست بکات سوپای تورکیا کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی سەربازی بکات لە خزمەتی خۆبەخشییەوە بۆ گرێبەست و بەرگری پرۆفێشناڵ.




































رووداو
Top