یەمەن.. لە تەعز و عەدەن شەڕ دەستیپێکردەوە

 یەمەن.. لە تەعز و عەدەن شەڕ دەستیپێکردەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئایار شەڕ و پێکدادان بەتووندی لەنێوان چەکدارانی حوسی و هێزە بەرگرییەکانی ئەو شارە و لایەنگرانی حکومەتی یەمەن لە شاری تەعز دەستیپێکردەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش شەڕەکە چەندین جۆر چەکی قورسی تێدا بەکارهاتووە.

دەستپێکردنەوەی ئەو شەڕە لەکاتێکدایە، کە دوای هێرشی چڕی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە، باس لەوە دەکرا حوسییەکان لەو ناوچەیە لاوازبوون و ناتوانن جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە سەر تەعز، بەڵام سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە چەکدارانی حوسی و هێزەکانی لایەنگری عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی پێشووی یەمەن دەستیانکردەوە بە هێرشکردن و چوونە ناو شاری تەعزەوە و شەڕ لەو شارە دەستیپێکردووەتەوە.

هەروەها لە شاری عەدەن بەهەمانشێوە پێکدادانەکان بەردەوامن و حوسییەکان دەروازەی ئەو شارەیان لە باکوور و رۆژهەڵاتەوە کۆنترۆڵکردووە و خەڵکی ئەو شارەش رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی بوونەتەوە.

دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان وایکردووە دۆخی مرۆیی لە هەردوو شاری تەعز و عەدەن زیاتر بەرەو خراپی بچێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی رابردوودا نەیتوانی بڕیار لەسەر ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو شارانەی یەمەن بدات، بەهۆی بەردەوامیی شەڕی نێوخۆییەوە لە یەمەن و لە هەمانکاتیشدا هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانێتی دژ بە دەسەڵاتی حوسییەکان.










رووداو
Top