ماری هارف: ئۆباما پرسی مێژوویی ئەرمەنییەکانی بە جیدی وەرگرتووە
حکومەت و گەلی ئەرمینیا چاوەڕێیان دەکرد ئۆباما لە یادی ئەو رۆژەدا وشەی جینۆساید بەکاربهێنێت و ئەمەش ببێتە فشارێکی زیاتر بۆ سەر حکومەتی ئەنقەرە، بۆ ئەوەی دان بەو رووداوەدا بنێت، کە تێیدا ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی بەدەستی عوسمانییەکان کوژران، بەڵام ئۆباما وەک پێشتر راگەیاندنەکانی ئەمریکا باسیان لێوە کردبوو بەهۆی فشاری هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا نەیتوانی وشەی جینۆساید بەکاربهێنیت.
لەو بارەیەوە ماری هارف، یاریدەدەری گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هەرکەسێک وتارەکەی ئۆباما بخوێنێتەوە تێدەگات ئەو چەند بە جیدی ئەو پرسەی وەگرتووە و گوتی " سەرۆک گوتارێکی زۆر بەهێزی پێشکەشکرد بۆ قسەکردن لەسەر رووداوێکی مێژوویی، گوتارێکی دوورودرێژ بوو، من دەزانم ئێوە گوێتان لێی بووە، لەوەش تێدەگەین هەندێک خەڵک چاوەڕێی ئەوەبوون زمانێکی جیاوازتر لەو گوتارەدا بەکاربهێنرێت، پێمان وایە دەکرێت ئەوەش دروستبێت، بەڵام پێویستە ئەو گوتارەی سەرۆک بخوێننەوە و هەست بەوە بکەن ئەو چۆن ئەم پرسە مێژووییەی بە جیدی وەرگرتووە".
رووداو