حەسەن رۆحانی: هەموو هێزەکانی دنیا لە بەرامبەر گەلی ئێراندا شکست دێنن
لە هەمانکاتدا گوتیشی " هەموو هێزە جیهانییەکان پشتی سەدامیان گرت کە گەلی ئێران ببەزێنن، بەڵام نەیانتوانی و ئێمە نەک هەر بەرامبەر بە عێراق، بەڵکو بەرامبەر هەموو پشتیوانەکانیشی، سەرکەوتین و نەمانهێشت میللیمەترێکیش لە خاکی وڵاتەکەمان داگیر بکرێت."
رۆژی ٢٠ی خاکەلێوە لە رۆژژمێری ئێراندا ( کە ئەمساڵ بەرامبەر 8-ی نیسان بوو بە رۆژژمێری زایینی)، بە رۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی دیاری کراوە و هەموو ساڵیک لەو رۆژەدا دەستکەوتە تازە ئەتۆمییەکانی ئیران رادەگەیەندرێن.
رۆحانی لەو رێورەسمەدا گوتیشی "ئەگەر ئەو کاتەی ئێمە داوای سووتەمەنی و تەکنۆلۆژیای پیتاندنمان کرد، هێزە جیهانییەکان رازی ببووان، رەنگە هیچ باسێک نەهاتبایە ئاراوە، بەڵام ئەوان سەرەتا گوتیان تەکنۆلۆژیا نادەین، ئەمە گرینگ نەبوو، بەڵام قسەی دواتریان گرینگ بوو کە گوتیان ناهێڵن ئێران دەستی بە تەکنۆلۆژیای پیتاندن رابگات. ئەمە ئەو شتە بوو کە گەلی ئێران ملکەچی نەبوو".
ئەمڕۆ لە نۆیەمین ساڵڕۆژی ئەو یادەدا، بە بەشداریی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆمار و عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی، وەزیری ئیتلاعات، وەزیری وزە، وەزیری تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و چەندین کاربەدەستی دیکەی ئێرانی و کۆمەڵێک لە باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی، پەردە لەسەر سێ دەرمانی ئەتۆمی یان رادیۆئەکتیڤی و چەند بەرهەمێکی دیکەی ئەتۆمی لابرا.
رووداو