سەردانی پوتین بۆ توركیا: لوتكەی نێوان "دوو تەنیا"

 سەردانی پوتین بۆ توركیا: لوتكەی نێوان
ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا سەردانی توركیا دەكات، ئەگەرچی جیاوازییە سیاسییەكانی نێوانیان بە روونی دیارە، بەڵام تادێ هەماهەنگییە بازرگانییەكانیان پەرە پێدەدەن.

ئامانجی ئەو هەماهەنگییە بازرگانییە ئەوەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان، كە ئێستا 32 ملیار دۆلارە، تاوەكو ساڵی 2020 بیگەیێننە 100 ملیار دۆلار.
بیانووی هاتنی پوتین بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی كۆنسەی هەماهەنگی باڵای نێوان هەردوو وڵات كە لە توركیا ئەنجام دەدرێت.

تورگوت گور، سەرۆكی فەخری ئەو كۆنسەیە دەڵێت: "لە لایەكەوە پرسی سیاسی، لەگەڵیشیدا پرسی ئابووری دەخرێتە رۆژەڤەوە، لەنێوان رووسیا و توركیا هەماهەنگی و پەیوەندی سیاسی، ئابووری، سەربازی هەیە و لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتریش پەرەیان پێدەدەین".

هەناردەكردن لەنێوان هەردوو وڵات كە لەساڵی 2003 ، 1.3 ملیار دۆلار بوو گەیشتووەتە 7 ملیار دۆلار، هاوردەكردنیش لە 5.4 ملیار دۆلارەوە بۆ 25 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

توركیا داوای داشكاندن لە رووسیا دەكات

بەهۆی هاوردەكردنی سەرچاوەكانی وزەوە، هاوسەنگی پەیوەندی بازرگانی لە بەرژەوەندی توركیا شكاوەتەوە. تورگوت گور دەڵێ: "ئەم رەوشە تەواو ئاساییە، بەڵام لە دەرەوەی وزە پەیوەندییەكان نە باش نە خراپن".

هەروەها دەڵێ: "ئێمە ساڵانە بەبەهای 6-7 ملیار دۆلار هەناردەكاریمان بۆ رووسیا هەیە، هەناردەی ئەوانیش بۆ توركیا نزیكە لەمەوە، بەڵام ئێمە ناچارین وزە لە رووسیا وەربگرین".
تورگوت گور ئاشكرای دەكات، كە وزە گرنگترین پرس دەبێت كە لەم سەردانەی پوتین باسی لێوە دەكرێت.

توركیا بە رێژەی سەدا 58 بە رووسیاوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەنقەرە داوای داشكاندن لە نرخی گاز دەكات لە رووسیا، چونكە ئەو پارەیەی توركیا لە هەزار مەتر چوارگۆشەی گازی سروشتی دەیداتە توركیا زیاترە لە نرخی گازی ئەمریكا، لە كاتێكدا كە نرخی هەزار مەتر چوارگۆشە گازی ئەمریكا 350 دۆلارەو رووسیا 410 دۆلار، لەمەوە توركیا دوای ئەڵمانیا، دووەم كڕیاری گاز پڕۆمە.

كۆبوونەوەی "دوو تەنیا"

رووداوەكانی ئۆكراینا و هاتنی داعش و دوورەپەرێزی توركیا لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی دژی داعش پێكهێنراوە، وایكرد توركیا و رووسیا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیان بكەوێتە تەنگژەوە و وەك "دوو تەنیا" وڵاتی جیهان دەربكەون.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، رەجەب تەییب ئەدۆغان كۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.






رووداو
Top