داوود ئۆغڵو: باڵیۆزخانەی بەسڕەمان چۆڵ كرد.. چاوەڕوانن هاوولاتیانن ئازاد بکرێن

 داوود ئۆغڵو: باڵیۆزخانەی بەسڕەمان چۆڵ كرد.. چاوەڕوانن هاوولاتیانن ئازاد بکرێن
وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكانی مووسڵ، باڵیۆزخانەی توركیا لە بەسڕە چۆڵ كراوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئۆغڵو، لە بارەی رەوشی هاووڵاتییە توركە بەدیلگیراوەكانی دەستی داعش رایگەیاند، توركیا بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ ئازادكردنی ئەو هاووڵاتیانە دەدا و چاوەڕوانی ئەوەن لە داهاتوویەكی نزیكدا 31 شوفێر و 49 كارمەندی باڵیۆزخانەی توركیا لە مووسڵ كە لە لایەن داعشەوە بە دیل گیراون، ئازاد بكرن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە توركیا.

داوود ئۆغڵو گوتی كە بۆ ئازادكردنی ئەو هاووڵاتیانەی توركیا لە هەوڵی بەردەوامدایە و لەگەڵ ئەمەریكا، نەتەوەیەكگرتووەكان، كاربەدەستانی حكوومەتی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكهۆزەكانی ناوچەكە درێژە بە دانوستانەكانی دەدات و چاوەڕوانی ئەوەن لە رۆژانی داهاتوودا ئەو هاووڵاتییە بەدیلگیراوانە ئازاد بكرێن.

ئۆغڵو گوتیشی: بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوەكانی مووسڵ، توركیا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەسڕە چۆڵ كردووە و هەموو كارمەندانی ئەو باڵیۆزخانەیە بۆ شوێنێكی ئارام گواستراونەتەوە و لە بارەی باڵیۆزخانەی بەغدایشەوە هێشتا بڕیاری چۆڵكردنی دەرنەكراوە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەوا باڵیۆزخانەی بەغدایش چۆڵ دەكرێت.

ئەو لە بارەی رەوشی توركمانەكانی تەلعەفەریشەوە رایگەیاند، بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توركیا یەكەمین كاروانی هاوكاریی ڕەوانەی ناوچەكە كردووە و ئامادەیشە بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی توركمانەكان بكات.
Top