سەركردەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا لەبارەی قەیرانی عێراق كۆدەبنەوە

 سەركردەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا لەبارەی قەیرانی عێراق كۆدەبنەوە
باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بانگهێشتی سەركردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی كردووە بۆ ئەوەی لە كۆشكی سپی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە قەیرانی عێراق ئەنجام بدەن و تاوتوێی ئەو بژاردانە بكرێت، كە لەبەردەم ئەمریكادایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە.

ئاژانسەكانی هەواڵ لە ئەمریكاوە بڵاویانكردەوە، بڕیارە ئەو كۆبوونەوەیە رۆژی چوارشەممە 18ی حوزەیران ئەنجام بدرێت و زۆربەی بەرپرسە دیارەكانی كۆنگرێسی ئەمریكی تێیدا بەشدار بن.

سیانتۆری ئەمریكی میچ ماكۆنێل لەسەر لیستی كۆمارییەكان ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند ئۆباما رۆژی سێشەممە 17ی حوزەیران داوای لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئونجوومەنی پیرانی ئەمریكا كردووە كە رۆژی چوارشەممە، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە دۆخی عێراق لە كۆشكی سپی ئەنجام بدەن.

لەنێو ئەو سەركردانەشدا كە بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كراون، هاری رێد، سەركردەی زۆرینە لە ئەنجو‌ومەنی پیران، جۆن بۆنەر، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و نانسی پیلۆسی سەركردەی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی تێدایە.

سیناتۆرە كۆمارییەكان باسیان لەوەكردووە ئەوان هیوایان وایە ئۆباما باس لە پلانی خۆی سەبارەت بە عێراق بكات بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت. چاوەڕێدەكرێت دوای كۆبوونەوەكەش سەركردەكانی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران، راپۆرتی خۆیان پێشكەش بە ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەكە بكەن و پلانی ئیدارەی كۆشكی سپی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق ئاشكرا بكرێت.







رووداو
Top