حەسەن نەسروڵڵا: شەڕی سووریامان نەكردایە داعش لە لوبنان بوو

 حەسەن نەسروڵڵا: شەڕی سووریامان نەكردایە داعش لە لوبنان بوو
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند "ئەگەر ئێمە دەستوەردانمان لە شەڕی سووریا نەكردایە ئێستا داعش لە لوبنان بوو". ئەو هەندێك لە وڵاتانی خلیج تۆمەتبار دەكات بەو دۆخەی عێراق تێیكەوتووە.

نە سروڵڵا بە رۆژنامەی سەفیری لوبنانی راگەیاندووە "ئێمە بەشێوەیەكی گونجاو توانیمان بەشداریی لە شەڕی سووریا بكەین، ئەگەر ئەوەشمان نەكردایە ئێستا داعش لە لوبنان دەبوون"

دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەكانی دیكەی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكانی عێراق فەتوای جیهادی دژی گرووپە چەكدارەكان دەركرد، دوای دەركردنی فەتواكەش بەهەزاران خۆبەخش لە پارێزگاكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق روویان لە بنكەكانی ناونووسكردن كرد.

حەسەن نەسروڵڵا ستایشی ئەو فەتوایە دەكات و دەڵێ "تائیفی نییەو بۆ پاراستنی هەموو عێراقە".

رەخنەش لە هەندێك لە وڵاتانی كەنداو دەگرێ ‌و بە دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراق تۆمەتباریان دەكات و وا گوزارشت دەكات كە "ئەوەی چاڵ بۆ كەسێك هەڵكەنێ خۆی تێدەكەوێت".








رووداو
Top