جۆن مەکین: عێراق سەرلەنوێ دەبێتەوە گۆڕەپانی ململانێ و پێگەی قاعیدە

 جۆن مەکین: عێراق سەرلەنوێ دەبێتەوە گۆڕەپانی ململانێ و پێگەی قاعیدە
جۆن مەكین رایدەگەیەنێت، ئەمریكا بەهۆی مامەڵەكردنی هەڵە لەگەڵ دۆسییە نێودەوڵەتییەكان، متمانەی خۆی لەدەستداوە و عێراق سەرلەنوێ دەبێتەوە گۆڕەپانی ململانێ و پێگەی قاعیدە.

لە دیمانەیەكی لەگەڵ CNN, جۆن مەكین، سیناتۆری كۆماری ئەمریكا، لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەتووندی وەڵامی گوتارەكەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەداتەوە و دەڵێت، "ئەمریكا بەهۆی مامەڵەی هەڵە لەگەڵ دۆسیە نێودەوڵەتییەكان، متمانەی لەدەستداوە و عێراق، سەرلەنوێ دەبێتەوە گۆڕەپانی ململانێ و پێگەی قاعیدە".

مەكین نیگەرانی خۆی لەدەستەوەستانی ئەمریكا لە بەرامبەر رووداوەكانی سووریا و عێراق دەربڕی و گوتی، "هەست بەدڵشكانێكی گەورە دەكەم، كاتێك دەبینم سووریاییەكان دەكوژرێن و عێراق دەبێتەوە پێگەی قاعیدە و ئەمریكاش رۆڵی تەماشاكار دەبینێت". جەختیشی لەوە كردەوە "یان دەبێت ئەمریكا دەستتێوەردانی سەربازی بكات لە كێشەكانی دەرەوە، یانیش دەبێت واز لە دۆسیەكانی دەرەوە بهێنێت".

هەروەها مەکین گوتیشی "نازانم ئەمریكا بەنیازی ئەوەیە هێز رەوانەی هیچ وڵاتێك بكات یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم دەبووا سەرۆك وانەی لەوە وەرگرتبووا، ئەمریكا چ هەڵەیەكی كرد كاتێك لەدوای شەڕی عێراق هێزەكانی جێنەهێشت و لە عێراق كشایەوە و ئێستا ئاڵای رەش دووبارە بەسەر فەللوجەدا دەشەكێنەوە".









رووداو
Top