عەدلی مەنسووڕ بڕیارێكی مورسی هەڵدەوەشێنێتەوە

 عەدلی مەنسووڕ بڕیارێكی مورسی هەڵدەوەشێنێتەوە
عەدلی مەنسووڕ، سەرۆكی كاتی میسر، بڕیارێكی محەممەد مورسی، سەرۆكی پێشووی هەڵوەشاندەوەو 52كەس لە لایەنگرانی دەخاتەوە زیندان.

لە راپۆرتی رۆژنامە میسرییەكان لە ژمارەكانی رۆژی هەینی دا هاتووە، عەدلی مەنسووڕ، سەرۆكی كاتی میسر بڕیارێكی دەركردووە و تێیدا بڕیارێكی سەرۆكی پێشووی میسر، محەممەد مورسی بە بەخشینی 52 كەس لە ئەندامانی سەرۆكایەتی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین و ئیسلامییەكانی دیكە، كە لە بەندیخانەدابوون، هەڵوەشاندووەتەوە.

محەممەد مورسی، كە نزیكەی ساڵیك سەرۆكایەتی میسری كرد، لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا بڕیاری بەخشینی بۆ ئەو ئەندامانەی ئیخوان موسلیمین و ئیسلامییەكان دەركرد، كە لە ساڵی نەوەدەكانەوە لە سەردەمی حوسنی موبارەك، سەرۆکی پێشووتری میسرەوە خرابوونە بەندیخانەوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، دە كەس لەوانەی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە دەستگیركراون بە تۆمەتی: "بەشداریكردن لەو تاوانە تیرۆرستییانەی ئەم دواییە، وڵاتی گرتەوە".

سەرچاوەكە گوتیشی، سەبارەت بە تۆمەتبارەكانی دیكە، بەشیكیان لەدەرەوەی میسرن، لەوانە بانگخوازی سەر بە كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین، وجدی غەنیم وهەروەها یوسف نەدا و ئیبراهیم مونیر، كە دوو ئەندامی سەركردایەتی ئیخوانن، بۆ دەستگیركردنیشیان هەمامەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) دەكرێت وئەوانەشی كە لەناو میسرن دووبارە دەستگیردەكرێنەوە.

رۆژنامە میسرییەكان بڵاویانكردەوە، كە بەشێكی زۆر لەوانەی لەسەردەمی محەممەد مورسی بەخشراون، كەسانی مەترسیدارن بۆ كۆمەڵگە.

بڕیارەكەی مەنسور چل كەس لەو ئیسلامییانە دەگرێتەوە، كە بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەر سەپێنرابوو و لەسەردەمی مورسی بەخشرابوون.








رووداو
Top