گویل له‌باره‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌دوێت

گویل له‌باره‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌دوێت
سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌باره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ له‌ ده‌ستووری عیراقیدا چی باس كرابێت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت و هیچ كاتێك ده‌ستووری عیراقی پێشێل ناكرێت.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، عه‌بدوڵا گویل، سه‌ركۆماری توركیا له‌میانه‌ی به‌شداری كردنی له‌ كۆنفرانسێكدا كه‌ له‌ زانكۆی هارڤارد كه‌نه‌دی له‌ ئه‌مریكا رێكخرابوو و چه‌ندین دیپلۆماتكار و به‌رپرسانی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سپی ئاماده‌ی بوون، باسی له‌ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و داهاتوی ناوچه‌كه‌ كرد و دواتریش وه‌ڵامی پرسیاری به‌شداربووانی دایه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، گوڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ عیراق نزیكترین دراوسێی توركیایه‌ و هه‌ركات ئاڵۆزیه‌ك كه‌وته‌ ناو عیراق، راسته‌وخۆ كاریگه‌ری به‌سه‌ر توركیاوه‌ ده‌بێت.

گوڵ باسی له‌وه‌ش كرد: ئه‌وان وه‌ك توركیا خوازیارن عیراق سه‌قامگیر بێت و سه‌رچاوه‌كانی خۆی بۆ گه‌لی خۆی به‌كاربهێنێت و گه‌لانی عیراق وه‌ك كه‌سوكاری نزیكمان وان.

سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: له‌ عیراقدا به‌هۆی نه‌بوونی سه‌قامگیری سیاسی، تائێستا نه‌توانراوه‌ هه‌ندێك یاسای بنه‌ڕه‌تی له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یاسای نه‌وت و غازی به‌نموونه‌ هێنایه‌وه‌ و وتی: "گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن داهاتی نه‌وته‌كه‌ دابه‌ش بكرێت له‌ئارادایه‌، وزه‌ ده‌بێت به‌كاربهێنرێت، توركیاش له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق، هه‌وڵی ره‌وانه‌ كردنی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ ده‌دات بۆ ناو ئه‌وروپا، له‌م نێوه‌نده‌دا، ده‌ستووری عیراق په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ پێی ده‌ستووری عیراقی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌دا 84ی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ده‌بات و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش بۆ ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ، واته‌ به‌هیچ جۆرێك ده‌ستووری عیراقی پێشێل نه‌كراوه‌".








خه‌ندان
Top