محەممەد بەرادعی دادگایی دەكرێت

 محەممەد بەرادعی دادگایی دەكرێت
ئاژانسی رۆیتەرز لە سەر زاری سەرچاوەكانییەوە لەنێو دادگای میسر رایگەیاندووە محەممەد بەرادعی، جێگری پێشووی سەرۆكی كاتیی میسر، \"بە تۆمەتی خیانەتكردن لە متمانە\"" لە رۆژی 19-9-2013 بانگهێشتی دادگا دەكرێت.

رۆژنامەی ئەهرامی میسریش نووسیویەتی \""دادگایەك لە ناوچەی نەسری قاهیرە رایگەیاندووە، لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ بەرادعی و بەو مەبەستەش ناوبراو بانگهێشتی دادگا دەكرێت\"".

ئەو تۆمەتانە لەكاتێكدا دراوەتە پاڵ ئەو سیاسەتوانە میسرییە كە بە هۆی ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر تووندوتیژییەكانی سوپا بۆ سەر لایەنگرانی مورسی، رۆژی چوارشەممە 14-8-2013 دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حكومەتی كاتیی میسر راگەیاند.

مامۆستایەكی یاساناسی زانكۆ، بەرادعی تۆمەتبار كردووە بەوەی كە لە ژێر ناوی نوێنەری (بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی) و هەروەها نوێنەری زۆربەی ئەندامانی بزووتنەوەی تەمەرود (شۆڕش)، بەبێ راوێژ لەگەڵ ئەوان دەستی لەكار كێشاوەتەوە.

سەید عەتیق، مامۆستای زانكۆ بە رۆژنامەی ئەهرامی میسری راگەیاندووە \""بەرادعی لەبەر كەسایەتی خۆی نەكراوەتە جێگری سەرۆكی میسر، بەڵكو بە نوێنەری بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی و هێزەكانی شۆڕش توانیویەتی ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت\"".

محەممەد بەرادعی لە بەرهەڵستكارانی ئیخوان موسلیمین و محەممەد مورسییە، بەڵام دوای هێرشی سوپای میسر لە رۆژی چوارشەممە 14-4-2013 و ئەو تو‌وندوتیژیانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدرا، رایگەیاند \""رێگە چارەی دوور لە تو‌وندوتیژی هەبوو بۆ ئەوەی كۆتایی بە قەیرانەكانی وڵات بهێنرێت\"".
بەرادعی بەوهۆیەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە جێگری سەرۆكی كاتیی میسر راگەیاند و بەپێی هەواڵی ئەهرامی میسر، لەگەڵ بنەماڵەكەی لە رۆژی 17-8-2013 رۆیشتووەتە وڵاتی نەمسا.












رووداو"
Top